پێشێلکارییەکانی ئاگربەست لە غەززە بەردەوامن؛ ٧ شەهید کە یەکێکیان منداڵە
لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانی و تۆپخانەیییەکان و تەقەکردن لە ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە، ٧ فەلەستینی کە یەکێکیان منداڵە شەهید بوون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون.
قەوارەی زایۆنی کە سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست بەردەوامە لە هێرشەکانی لە کەرتی غەززە، لەو هێرشانەی کە دوێنێ ڕۆژی سێشەممە ئەنجامی دا، بووە هۆی شەهیدبوونی ٧ فەلەستینی کە یەکێکیان منداڵە، و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر کەس.لە هێرشێکی درۆنیدا بۆ سەر نزیک باڵەخانەیەک لە گەڕەکی زەیتون لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە، پیاوێکی تەمەن ٤٣ ساڵ و کوڕە ١٣ ساڵانەکەی بە ناوی فادی شەهید بوون و چەند کەسێکیش لە دەوروبەریان بریندار بوون.
کارگەیەکی ئاسنگەریش لە گەڕەکی سەبرای شارەکە لە کاتی ئێوارەدا کرایە ئامانج. لەم هێرشەدا ٣ فەلەستینی شەهید بوون و ژمارەیەکی زۆر کەس بریندار بوون.
تەقەکردن لە هاووڵاتییانی مەدەنی لە خان یونس
لە شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە، لە ئەنجامی تەقەکردنی هێزە داگیرکەرەکاندا فەلەستینییەک شەهید کرا. لە قوتابخانەی مستەفا حافز کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای شارەکە و ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێیە، منداڵێکی ٥ ساڵان بە سەختی لە سکییەوە بریندار کرا. لە کاتێکدا لە شوێنە جیاوازەکانی خان یونس بەهۆی تەقەکردنەوە چەند فەلەستینییەکی تر بریندار بوون، لە ڕۆژهەڵاتی دێرلبەلەح لە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی هێزە داگیرکەرەکانەوە تەقە لە نزیک کارگەیەکی دەرمان کرا.
بەلەمەکان کرانە ئامانج و خانووەکان تەقێنرانەوە
هێرشەکان لە کەنار دەریاش بەردەوام بوون. بەلەمە جەنگییەکانی هێزە داگیرکەرەکان تەقەی چڕیان کردە سەر بەلەمی ڕاوچییە فەلەستینییەکان لە کەناراوەکانی خان یونس. لەم هێرشەدا ڕاوچییەک بریندار بوو و دوو بەلەمی ڕاوکردنیش تێکشکێنران.
لە کاتێکدا بەشی ڕۆژهەڵاتی دێرلبەلەح لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە کەوتە بەر بۆردوومانی تۆپخانە، تۆپێک بەر ماڵێک کەوت لە ڕۆژهەڵاتی کەمپی پەنابەرانی مەغازی. هێزە داگیرکەرەکان لە هەمان ناوچەدا سێ وێرانکارییان ئەنجام دا و خانووەکانیان تەقاندەوە.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە پێشێلکارییەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەست کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ـەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەردەوامن. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین لە غەززە، لە کاتی جێبەجێکردنی ئاگربەستەوە تا ئێستا ژمارەی ئەو فەلەستینیانەی شەهید کراون بۆ ١٦١٣ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش بۆ ٥ هەزار و ٨٣٣ کەس بەرز بووەتەوە.
کۆی گشتی قوربانییەکانی ئەو هێرشانەی کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ـەوە دەستیان پێکردووە، گەیشتووەتە ٧٤ هەزار و ٦٤٣ شەهید و ١٧٥ هەزار و ٩٦٢ بریندار. (İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
حەماس ناڕەزایەتی دەربڕی لە بەرامبەر هێرشی داگیرکەران بۆ سەر گوندێکی شاری نابلوس و هێرشەکەی وەک "هێرشێکی تیرۆری" وەسف کرد.
نزار ئامێدی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (COP31) کە لە ئەنتاڵیای تورکیا بەڕێوەدەچێت سەردانی تورکیای کرد.
لە کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ ژمارەی تووشبووانی ئیبۆلا بۆ ١١ هەزار و ٤٢ کەس بەرزبووەتەوە و ژمارەی مردووانیش گەیشتووەتە ٥ هەزار و ٣٨٧ کەس.
ژمارەی قوربانییەکان لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣یەوە گەشتە ٧٤ هەزار و ٦٥٣ شەهید و ژمارەی بریندارەکانیش گەشتە ١٧٦ هەزار و ٧ بریندار.