٣٣یەمین ساڵیادی دوورخستنەوەی سەرکردەکانی بەرخۆدانی فەلەستین بۆ مەرجولزهوور
٣٣ ساڵ بە سەر دوورخستنەوەی ٤١٥ سەرکردە و چالاکنی دیاری بزووتنەوەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی بۆ ناوچەی مەرجولزهوور تێپەڕدەبێت.
١٧ی کانوونی یەکەم، ساڵیادی ٣٣یەمین ساڵەی یەکێک لە گرنگترین ڕووداوەکانی مێژووی هاوچەرخی فەلەستینە؛ ڕۆژێک کە رژێمی سەهیۆنی لە ساڵی ١٩٩٢دا، لە هەنگاوێکی بێوێنەدا، ٤١٥ کەس لە سەرکردە و چالاکانی دیاری بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامیی حەماس و جیهادی ئیسلامیی بۆ ناوچەی "مەرجولزهوور" لە باشووری لوبنان دوورخستەوە. بڕیارێک کە بە ئامانجی چۆڵکردنی گۆڕەپانی فەلەستین لە سەرکردە فکری و مەیدانییەکانی بەرگری درا، بەڵام لە واقیعدا بووە شکستێکی ستراتیژی بۆ تەلئەبیب.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە کەتائیبی شەهید عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی حەماس، سەربازێکی ئیسرائیلی بە ناوی "نەسیم تۆلیدانۆ"ی بەدیل گرت و داوای ئازادکردنی شێخ ئەحمەد یاسین، دامەزرێنەری حەماس، لە بەرامبەر ڕادەستکردنی ئەودا کرد. بەهۆی دواخستن و ڕەتکردنەوەی ئەم داواکارییە لەلایەن رژێمی داگیرکەرەوە، دیلەکە کوژرا و ئیسحاق ڕابین، بەناو سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی رژێمی سەهیۆنی، جەنگێکی هەمەلایەنەی دژی حەماس ڕاگەیاند؛ جەنگێک کە بە دەستبەسەرکردنی زیاتر لە ١٣٠٠ کەس و دوورخستنەوەی ٤١٥ کەسایەتیی دیاری ئیسلامی گەیشتە لووتکە.
دوورخراوەکان، کە خەڵکی کەرتی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا بوون، پێکهاتەیەک بوون لە سەرکردە سیاسییەکان، بیرمەندانی ئایینی، مامۆستایانی زانکۆ و پێشنوێژانی مزگەوتەکان؛ کەسایەتییەکانی وەک شەهیدان ئیسماعیل هەنییە و عەبدولعەزیز ڕەنتیسی لەنێویاندا بوون. سوپای سەهیۆنی شەوانە ئەوانی لە ماڵەکانیان دەڕفاند و لە ناوچەیەکی شاخاوی و ساردوسڕ لەسەر سنووری لوبنان بەجێی دەهێشتن؛ شوێنێک کە دواتر ناوی "مەرجولزهوور"ی لێ نرا.
دۆخی ژیان لەم ناوچەیە زۆر سەخت بوو؛ سەرماوسۆڵەی توندی زستان، کەمیی خۆراک، نەبوونی کەرەستەی پزیشکی و پچڕانی پەیوەندی بە جیهانی دەرەوە، گوشارێکی زۆری خستە سەر دوورخراوەکان. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوان بە ئیرادەیەکی بەکۆمەڵ، لەم دوورخراوەیە "ئۆردوگای گەڕانەوە"یان دروست کرد؛ ئۆردوگایەک کە بووە سیمبولی مافی گەڕانەوە و بەرگری. پێکهاتەی ڕێکخراوی ئیداری، پەروەردەیی و میدیایی دروست کرا و دەنگیان گەیشتە زیاتر لە ١٠٠ وڵاتی جیهان.
ئەنجامدانی ناڕەزایەتیی بەردەوام، لەوانە "ڕێپێوانی کفنەکان" لە نیسانی ١٩٩٣، گوشارە نێودەوڵەتییەکانی زیاد کرد و لە کۆتاییدا، رژێمی داگیرکەری ناچار بە پاشەکشە کرد. دوای ساڵێک بەرگری، سیاسەتی دوورخستنەوە شکستی هێنا و رژێمی سەهیۆنی ناچار بوو دوورخراوەکان بە پلەبەندی بگەڕێنێتەوە؛ هەرچەند زۆربەیان دەستبەجێ دەستبەسەر کرانەوە یان دواتر تیرۆر کران.
مەرجولزهوور تەنها دوورخراوەیەک نەبوو؛ بەڵکوو بووە خاڵێکی چارەنووسساز لە مێژووی بەرخۆدانی فەلەستین کە سەلماندی ئیرادەی بەکۆمەڵ و خۆڕاگری، تەنانەت سەختترین سیاسەتە سەرکوتکەرەکانیش تووشی شکست دەکات.(İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
تۆڕی پزیشکانی سوودان ڕایگەیاند، لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا ١٦ کەس لە شارۆچکەی دەلەنجا لە ویلایەتی کۆردۆفانی باشوور گیانیان لەدەستداوە، هاوکات ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش ڕایانگەیاندووە کە پێشێلکاریی جددی بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل لە سەرتاسەری وڵاتدا ئەنجام دەدرێت.
لەگەڵ تەواوی ڕێگرییەکان و بەربەستەکانی رژێمی داگیرکەری سەهیۆنی ٥٠ هەزار مسوڵمان لە مزگەوتی ئەقسا نوێژی هەینیان ئەنجام دایەوە.
وەقفی خێرخوازی یەتیمەکان لە ئەنجامی چالاکییەکانی خێرخوازی لە وڵاتی کینیا نەشتەرگەری ئاوی سپی چاو ئەنجام دایەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند کە بەدوای روودانی ٣ تەقینەوەی سەرچاوەگرتوو لە پاشماوەی بەجێماوی هێرشەکانی سوپای داگیرکەری سەهیۆنی لە ناوچە جیاوازەکانی ئەم کەرتە، منداڵێک شەهید بووە و چەندین حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە و زیانی ماددی بەر ماڵی هاووڵاتییان کەوتووە.