مەشعەل: داگیرکاری و سەرپەرشتی قبووڵ ناکەین؛ تێڕوانینی ئێمە سەبارەت بە چەک ڕوونە
خالید مەشعەل، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە دەرەوە، بە دووپاتکردنەوە لەسەر ڕەتکردنەوەی داگیرکاری و هەرچەشنە سەرپەرشتییەک، داوای لە ڕۆژئاوا کرد پێداچوونەوە بە هەڵوێستەکانی خۆیدا بکات و پشتیوانی لە داواکاریی فەلەستینییەکان بۆ ئازادی و کۆتاییهێنان بە داگیرکاری بکات.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ڕاگەیاندنی فەلەستین، مەشعەل لە وتووێژێکی گشتگیردا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەمریکیی «Drop Site» کە لە دۆحە و لەلایەن "جێرمی سکاهیل"ەوە ئەنجام دراوە، وتی، "ئێمە دژی هەر کەسێکین کە دەست لە کاروباری ئێمە وەربدات و دژایەتیی ئەوانەش دەکەین کە پشتیوانی لە دوژمنەکەمان دەکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا دەرگاکانمان کراوەن بە ڕووی ئەمریکا، ئەورووپا و جیهاندا بۆ دروستکردنی ئاڵوگۆڕی کەلتووری و شارستانی؛ هەروەک چۆن ئەم ناوچەیە بە درێژاییی مێژوو لانکەی شارستانییەتەکان بووە و دەتوانێت شوێنی بەڕێوەبردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بێت."
ناوبراو داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکان کرد بچێتە ناو ڕێڕەوی ڕاستەقینەی وتووێژە ڕاستەوخۆکان لەگەڵ حەماس و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی فەلەستین، تا زەمینە بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی دۆستانەی دوولایەنە خۆش بکرێت.
مەشعەل بە دووپاتکردنەوە لەسەر بێمتمانەیی تەواوی فەلەستینییەکان بە ڕژێمی سەهیۆنی، بیرۆکەی ڕادەستکردنی چەکی بە توندی ڕەت کردەوە و وتی، "هیچ متمانەیەک بە 'ئیسرائیل' نییە؛ مێژووی ئەم رژێمە پڕە لە کوشتار، خیانەت و پێشێلکردنی هەموو ڕێککەوتنەکان. کارنامەی نەتانیاهوو و کارنامەی سەرکردەکانی پێش ئەو، پڕە لە کۆمەڵکوژی. ئەمڕۆش نەتانیاهوو، بێتسەلئێل سمۆتریچ و ئیتامار بن گڤیر خەریکی لاوازکردنی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستینن و دەست بەسەر داهاتە باجییەکانی فەلەستیندا دەگرن."
مەشعەل وتی، "لە کەلتووری فەلەستینیدا هەم لە مێژوودا و هەم لە واقیعی ئەمڕۆدا متمانە بە ئیسرائیلی نییە. ئەو دوژمنێکی تاوانکار و فێڵبازە؛ بۆیە سروشتییە کە فەلەستینی دەست بە چەکەکەیەوە بگرێت. ئەم چەکە شتێکی زیادە یان پەراوێزی نییە، بەڵکوو ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە بوونی ئێمەوە هەیە لەژێر داگیرکاریدا. لە هەر کۆمەڵگایەکدا، هاووڵاتی لە ڕێگەی ئامرازە سیاسییەکانەوە مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتەکەیدا دەکات؛ بەڵام کاتێک لەژێر داگیرکاریدایت، بەرگری دەبێتە شتێکی سروشتی."
مەشعەل سەبارەت بە تێڕوانینە پەیوەستەکان بە چەکەوە وتی، "کاتێک پلانی ترامپ هاتە ئاراوە، هەڵوێستی حەماس ڕوون بوو: نەچوونە ناو ڕێڕەوی چەکداماڵین؛ چونکە ئەم ڕێڕەوە بەرەو پێکدادان، توندوتیژی و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ لایەنێک دەتگەیەنێت کە دەیەوێت بەسەر ئێمەیدا بیسەپێنێت. ئێمە نامانەوێت لەگەڵ کەسدا بکەوینە پێکدادان یان لەگەڵ کەسدا بجەنگین؛ بەڵام هەرگیز قبووڵی ناکەین کە چەکەکەمان بە زۆر لێ بسەنرێت. چەکی بەرگری بەو مانایە نییە کە ئێمە وەک دەوڵەتەکان پڕچەکین. ئێمە گەلێکی نزیک بە بێبەرگرین و تەنها بەپێی توانا، بۆ پاراستنی خۆمان و بەرگریکردن لە خۆمان دەستمان بە چەک گەیشتووە."
مەشعەل لە وەڵامی پلانە ئەمریکییەکان بۆ ڕیشەکێشکردنی حەماسدا وتی، "ئەگەر ئەمریکا بەدوای سەقامگیریدا دەگەڕێت لە ناوچەکە، نابێت دۆخەکە خراپتر بکات یان فوو لە ئاگرەکە بکات؛ چونکە ئەم کارە دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی زیاتر. حەماس بزووتنەوەیەکی بەرگرییە بە ڕەهەندێکی سەربازییەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا بزووتنەوەیەکی کۆمەڵگامحوریشە. حەماس ڕەگێکی قووڵی لەناو خەڵکی فەلەستیندا هەیە و بەشێکە لە پێکهاتەی کۆمەڵگای فەلەستینی. ئەندامەکانی لە هەموو بوارەکانی ژیانی فەلەستینیدا ئامادەییان هەیە. حەماس لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا کۆمەڵگای بە کارامەیی بەڕێوە بردووە، لە هەڵەکانییەوە فێر بووە و ئەزموونی کۆکردووەتەوە؛ و سەقامگیرییەک هەبووە. خەڵکی غەززە دەزانن پێش دەسەڵاتی حەماس، بەهۆی گرووپە بەڕەڵاکانەوە، نائارامی و ئاستێک لە پشێوی باڵی کێشابوو."
ناوبراو ڕوونی کردەوە هەر هێزێکی نافەلەستینی، هەر هێزێک یان ئیدارەیەکی بیانی لەناو غەززەدا، لەلایەن فەلەستینییەکانەوە وەک هێزی داگیرکەر سەیر دەکرێت؛ و ئەمەش بە شێوەیەکی خۆکار دۆخی پێکدادان دروست دەکات، چونکە فەلەستینییەکان قبووڵی ناکەن. گەلی فەلەستین خۆی فەرمانڕەوایی دەکات، بڕیار دەدات و کاروباری خۆی بەڕێوە دەبات.
مەشعەل ئاشکرای کرد کە سێ هەفتە پێش ئێستا ئەم پلانە تەواو کرا و ٤٠ کەسایەتیی فەلەستینی کە هەموویان تەکنۆکراتی سەربەخۆ بوون پێشنیاز کران و لەنێویاندا ٨ کەس هەڵبژێردران.
ناوبراو باسی لەوە کرد کە بڕیار بوو ئەم هەنگاوە بە خێرایی و کارامەیی جێبەجێ بکرێت، بەڵام دواکەوتنەکە لەبەر ئەوە رووی دا کە هەمووان چاوەڕێ بوون بزانن رژێمی داگیرکەر لە قۆناغی دووەمدا چی دەکات و ئایا ئەمریکا ئەم ڕژێمە ناچار دەکات بچێتە ناو ئەو قۆناغەوە یان نا.
مەشعەل دیدگای حەماسی بەم شێوەیە کورت کردەوە، "ئێمە لە یەک کاتدا بنەماخواز و واقیعخوازین. بنەماخواز: داگیرکاری قبووڵ ناکەین، سەرپەرشتی قبووڵ ناکەین، لە مافەکانمان لەسەر خاک و قودس پاشگەز نابینەوە، واز لە مافی گەڕانەوەی ئاوارەکان ناهێنین، و پابەندین بە سەربەخۆییی بڕیاری نیشتمانیی خۆمانەوە – بە ئازادکردنی دیلەکانیشمانەوە."(İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
هەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسا لەلایەن دانیشتوانی سەهیۆنی بە بیانووی خەنوکە بۆ سێهەم ڕۆژ بەردەوام بوو.
لە ئەنجامی نوقمبوونی بەڵەمێکی کۆچبەران لە نزیکەی دوورگەی گریتی وڵاتی یۆنان ١٤ کەس گیانیان لەدەستدا.
١٧ی١٢ وەک ڕۆژی ئاڵای کوردستان دەست نیشان کراوە و لە هەرێمی کوردستان و لە دامودەزگا فەرمییەکان ساڵانە یادی دەکرێتەوە و بۆنە و ڕێوڕەسمی تایبەت بەو بۆنەوە بەڕێوە دەچێت.