زیانی زیاتر لە ٧٥ ملیۆن دۆلار بە کەرتی ماسیگری لە غەززە؛ بژێویی ژیانی هەزاران خێزان لە مەترسیدایە
نیزار عەییاش، سەرۆکی یەکێتیی ماسیگرانی کەرتی غەززە، ڕایگەیاند کە زیانە داراییەکانی کەرتی ڕاو و ماسیگری بەهۆی جەنگی وێرانکەری رژێمی سەهیۆنییەوە، ٧٥ ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ڕاگەیاندنی فەلەستین، عەییاش لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ میدیاکان ڕوونیکردەوە کە جەنگ بووەتە هۆی وێرانبوونی تەواوەتیی بەندەری سەرەکیی غەززە و زیانێکی گەورەی نزیکەی ٧٠ لەسەدی بە بەندەری خان یونس گەیاندووە. بە گوتەی ئەو، ماسیگران تا ئەمڕۆش نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر دەریا یان دەست بە چالاکییەکانیان بکەنەوە، چونکە ئاستی وێرانکارییەکان ئەوەندە بەرفراوانە کە نۆژەنکردنەوەی خێرای ئەستەم کردووە.
ناوبراو زیادی کرد، "بەلەمەکان، کەرەستەکان، کۆگاکان و ئامێرەکانی دەریاوانی و پەیوەندی نزیکەی بە تەواوی لەناوچوون، هاوکات، داگیرکەران هێشتا سنووردارێتیی توندیان لەسەر جووڵەی ماسیگران لە ئاوە کەنارییەکانی غەززەدا سەپاندووە."
بە گوتەی عەییاش، چالاکیی ئێستا تەنها بە چەند بەلەمێکی بچووک لە ناوچەیەکی زۆر سنووردار لە کەناراوەکاندا کورت بووەتەوە؛ ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینێکی بەرچاوی بەرهەمی ڕۆژانە و فشاری بژێویی لەسەر ماسیگران چەند هێندە کردووە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە هێزەکانی داگیرکەری سەهیۆنی تەنانەت لە دەستبەسەرکردنی ماسیگران لە کاتی کارکردندا درێغی ناکەن، لە کاتێکدا کە ئەوان هیچ هەڕەشەیەکی ئەمنی پێکناهێنن.
سەرۆکی یەکێتیی ماسیگرانی غەززە هۆشداری دا کە بەردەوامیی داخستنی بەندەرەکان و سنووردارکردنی ڕاوکردن، هەڕەشە لە سەر ئاسایشی خۆراک و ئابووریی هەزاران خێزان دروست دەکات و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری و بێکاری لە کەرتی غەززەدا. ناوبراو داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دامەزراوە فریاگوزارییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد کە هەرچی زووە هەنگاوی کرداری بنێن بۆ نۆژەنکردنەوەی بەندەرەکانی ڕاوکردن، دابینکردنی کەرەستەی پێویست و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی ماسیگران.
عەییاش جەختی کردەوە کە کەرتی ماسیگری لە غەززە نەک تەنها بژێویی ژیانی هەزاران خێزان دابین دەکات، بەڵکو یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی ئاسایشی خۆراکە لەم ناوچە گەمارۆدراوەدا؛ لەبەر ئەم هۆکارە، بووژاندنەوەی پێویستییەکی بەپەلە و مرۆییە کە نابێت چیتر دوابخرێت.(İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
لە ئەنجامی هێرشەکانی رژێمی داگیرکەری سەهیۆنی لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣یەوە لە کەرتی غەززە گەشتە ٦٨ هەزار و ٥٢٧ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەشتە ١٧٠ هەزار و ٣٩٥ کەس.
لە عەباسان ئەلکەبیرە لە ڕۆژهەڵاتی خان یونس، داگیرکەران کۆمەڵێک هاوڵاتی مەدەنییان کردە ئامانج و بەهۆیەوە ٢ کەس شەهید بوون و کەسێکیش بریندار بوو.
میسر گروپێکی نوێی هەڵکەندنی ڕەوانەی غەززە کرد بۆ ئەوەی بەشداری گەڕان بەدوای ئەسیرانی داگیرکەرەکاندا بکەن.