هۆشداری هودا پار لەبارەی سوودان: دونیای ئیسلام بێ دەنگە و کۆمەڵکوژییەکان قوڵتر دەبن
حوسێن ئیمیر سەرۆکی کاروباری دەرەوەی هودا پار ئاماژەی بەوە کرد کە رووداوەکانی سوودان گۆڕاون بۆ شەڕی وەکالەتی هێزەکانی بیانی و وتی، "لە کۆنترۆل دەرچوونی ئەلفاشیر وێنەی کوشتاری هێنایە ئاراوە کە غەززەی بیردەخاتەوە. جیهانی ئیسلامی بێدەنگە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەبێت هەنگاوی بەپەلە بگرێتەبەر."
حوسێن ئیمیر سەرۆکی کاروباری دەرەوەی هودا پار سەبارەت بە کۆمەڵکوژییەکانی کۆتایی لە وڵاتی سوودان لێدوانی بۆ ئاژانسی هەواڵەکانی ئیلکە دایەوە.
ئیمیر جەختی لەوە کردەوە کە ناکۆکی و ململانێکانی سوودان تەنیا بە داینامیکی ناوخۆ ڕوون ناکرێتەوە، هەروەها وڵاتەکە بە هۆی سەرچاوەی زێڕ و یۆرانیۆمەوە بووەتە گۆڕەپانی کێبڕکێ بۆ زلهێزە دەرەکییەکان.
ئیمیر ئاماژەی بەوەی کرد کە دوای دارفور شاری ئەلفاشیریش کەوتە ژێر کۆنترۆلی هێزەکانی پشتواینی خێرا و وتی، "بە پشتواینی ئیمارات هەزاران مەدەنی کوژران. زانیاری هەیە کە لە ٤٨ کاتژمێری سەرەتاییدا نزیکەی ١٤ هەزار مرۆڤی بێ تاوان کوژران. ئەم وێنەیە جیاوازی لەگەڵ ستەمی غەززە نییە."
ئیمیر بە ڕەخنەگرتن لە بێدەنگی وڵاتانی ئیسلامی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە تورکیا ڕۆڵێکی چالاکتر بگێڕێت لەوانە فشاری دیپلۆماسی و سزاکان.
"لە نێوان سوپای ئێستای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا شەڕێکی توند رووی دا"
ئیمیر وتی، "وەک دەزانن سوودان لە دوای ساڵی کودەتای سەربازی ٢٠١٩ لەبارەی سیاسی و ئابووری تێکچووە. لە دوای ساڵی ٢٠١٩ ئەمجار لە ساڵی ٢٠٢٢ سوپا لە نێوان خۆی بووە دووبەش و شەڕێکی نوێ لە سوودان دروست بوو. لە نێوان سوپای ئێستای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا شەڕێکی توند رووی دا. سامانە سروشتییەکانی سوودان، بەتایبەتی یەدەگی کانزای دەوڵەمەندی وەک زێڕ و یۆرانیۆم، سەرنجی دەوڵەتانی کەنداو و ئیسرائیل و زلهێزە ئیمپریالیستەکانی دیکەی بۆ خۆی ڕاکێشاوە. لەم ماوەیەدا شەڕێکی بە وەکالەت بە تەواوی لە ڕێگەی هێزەکانی پشتیوانی خێراوە بەڕێوەچوو. لە ئەنجامدا قەیرانی مرۆیی جددی لە سوودان سەری هەڵداوە. دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و چاودێری تەندروستی و خۆراک تادێت بۆ خەڵک قورستر بووە."
"زانیاری هەیە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا نزیکەی ١٤ هەزار مەدەنی کوژراون"
ئیمیر لە بەردەوامی لەبارەی وەحشیەتەکە وتی، "لە کۆتاییدا لە ناوچەی دارفور چوار لە پێنج پارێزگاکەی دارفور لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پشتیوانی خێرادا بوون. ئەلفاشیر پایتەختی دارفور لە ژێر دەسەڵاتی حکومەت و سوپای سوودان بوو. بەڵام بەو پشتیوانییە دەرەکییەی کە هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەدەستیان هێنا، ئەلفاشیریش کەوتە خوارەوە. گرتنی ئەلفاشیر لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا، کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەلایەن ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییەوە پشتیوانی دەکرا، قەیرانی مرۆیی ناوچەکەی بۆ ئاستێکی زۆر گەورەتر بەرزکردەوە. کۆمەڵکوژییەکان ڕوویان دا و وێنەی هاوشێوەی ئەوانەی لە غەززە لە سوودان دەستیان بە دەرکەوتن کرد. لەم چوارچێوەیەدا پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەنگاوی بەپەلە لە دژی ئەم قەیران و کۆمەڵکوژییە مرۆییە بگرێتەبەر. هەواڵەکان دێنە ناوەوە کە وێنەی کوشتارێکی بێئەندازە هەیە کە هێشتا بۆ میدیاکان باس نەکراون. باس لەوە دەکرێت کە لە ماوەی هەشت کاتژمێری یەکەمی دەستگیرکردنی ئەلفاشیر نزیکەی دوو هەزار هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا نزیکەی ١٤ هەزار هاوڵاتی مەدەنی کوژراون. بەداخەوە ئەم کارەساتە مرۆییە ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت."
"ئامانجی سەرەکی ئیستغلالکردنی سامانە سروشتییەکانی سوودانە"
ئیمیر لە بەردەوامی وتی، "رووداوەکانی سوودان ڕەنگدانەوەی ناوچەیی دەبێت. بە تایبەتی ئەوەی کە گواستنەوە بۆ حکومەتێکی مەدەنی کە توانای دامەزراندنی سەقامگیری لە سوودان هەبێت هێشتا بە تەواوی تەواو نەبووە و زلهێزە دەرەکییەکان بە پاڵپشتی هێزەکانی پشتیوانی خێرا، گۆڕەپانێکی کێبڕکێ لە سوودان دروست دەکەن، وا دەکات پاراستنی سەقامگیری و دامەزراندنی حکومەتێکی مەدەنی قورس بێت. بەداخەوە تێکەڵکردنی پێکهاتەکانی ئێستا بە سەربازی و دەستەبەرکردنی ڕۆڵی چالاکانەی حکومەتی مەدەنی ئەمە قورس دەکات. هۆکاری سەرەکی کێبڕکێی نێوان زلهێزەکانی دەرەوە، سەرچاوە سروشتییەکانی سودان: یەدەگی زێڕ و یۆرانیۆمە. ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لەم دواییانەدا ئاشکرایان کردووە کە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لەم ماوەیەدا لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی خۆیەوە ٨٠ تۆن زێڕی لە ناوچەی دارفور دەرهێناوە کە بەهای نزیکەی ٦ ملیار دۆلارە. ئەم دۆخە بەداخەوە ژینگەی کێبڕکێی زلهێزە دەرەکییەکان بەسەر سووداندا زیاد دەکات. لە ئەنجامدا بە شێوەیەکی بەرچاو ڕێگری لە دامەزراندنی سەقامگیری لە سوودان و گواستنەوە بۆ سیاسەتی مەدەنی و تێکەڵبوونی کوتلەکان لە بواری سەربازیدا دەکات. بەداخەوە ئێمە شاهیدی دۆخێکی هاوشێوەی دابەشبوونەکەی لیبیا لە سوودان دەبین. پێشتر سوودان و باشووری سوودان جیابوونەوە. ئامانجی ململانێی ئێستای سوودان و نەهێشتنی سەقامگیری بەتەواوەتییە. ئامانجی سەرەکیش ئیستغلالکردنی سامانە سروشتییەکانی سوودانە."
میسڕ، چاد و ئەتیۆپیا ئەو وڵاتانەن کە کاریگەری ڕاستەوخۆی شەڕەکە بە سەریاندا هەیە"
ئیمیر لە بەردەوامی ئاماژەی بەوە کرد کە کاریگەری ئەم شەڕەی سوودان تەنها بە سەر سوودان نابێت و وتی، "کاریگەری جددی لەسەر هەموو ئەو ناوچ ەو وڵاتانە هەیە کە ئێمە بە قۆڕنی ئەفریقا دەزانین. میسڕ، چاد و ئەتیوپیا بە تایبەتی ڕاستەوخۆ کاریگەری ئەم شەڕەیان لەسەرە. نەک هەر دەرئەنجامی نەرێنی بۆ ئاسایشی سنوورەکان دروست دەکات بەڵکو لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە زیان بە وڵاتانی دراوسێی سوودان دەگەیەنێت. بەهۆی ئەو کۆمەڵکوژیانە، خەڵکی سڤیل ناچار دەبن کۆچ بکەن بۆ چاد و ئەتیوپیا و میسڕ و کەمی ئابووری لەو وڵاتانە کێشە سیاسی و ئابوورییەکانی ئێستا زیاتر گەورەتر دەکات."
"بەداخەوە وڵاتانی ئیسلامی گرنگی و هەستیاری پێویست بۆ قەیرانی سوودان نیشان نادەن"
ئیمیر لە بەردەوامی ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتانی ئیسلام لەبارەی دۆخەکە بێ دەنگن و وتی، "بەداخەوە وڵاتانی ئیسلامی گرنگی و هەستیاری پێویست بە قەیرانی سوودان نادەن. ئێمە ناتوانین هیچ کارێکی کاریگەر لە لایەن ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامیەوە ببینین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم کارەساتە مرۆییە لە سوودان کە وڵاتێکە لە ڕووی مێژوویی و کولتوورییەوە و لە ڕووی جوگرافییەوە لە دڵی جیهانی ئیسلامیدا هەڵکەوتووە. هەنگاوێکی ئەگەری دەکرا بە سەپاندنی سزا بنرێت بەسەر ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کە یەکێکە لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی شەڕی ناوخۆی سوودان."
"تورکیا پێویستی بە هەنگاونان هەیە وەک ناوبژیوانێکی کاریگەرتر لەسەر زەمینەی دیپلۆماسی"
ئیمیر لە بەردەوامی وتی، "تورکیا توانای ئەوەی هەیە کە ڕۆڵێکی چالاکتر لە سوودان بگێڕێت، هەم بەهۆی پەیوەندییە مێژووییەکانی و هەم بەهۆی پێگەی خۆی لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی ئەفریقادا. هەوڵەکانی یارمەتی مرۆیی کە لەلایەن دامەزراوە فەرمییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیەوە ئەنجام دەدرێن، بە تایبەتی جێگەی دەستخۆشین. ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراوە فریاگوزاریەکان کۆبوونەتەوە بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ ناوچەکە. بەڵام تورکیا پێویستی بە دەستوەردان هەیە وەک ناوبژیوانێکی کاریگەرتر لەسەر قۆناغی دیپلۆماسی. جگە لەوەش پێویستە تورکیا وەک پرسێکی جیۆپۆلەتیکیش چارەسەری ململانێکانی سوودان بکات. دامەزراندنی ئاشتی لە سوودان پێویستی بە ڕەچاوکردنی نەک تەنها داینامیکی ناوخۆیی بەڵکو پشتیوانانی دەرەکیش هەیە. لەو چوارچێوەیەشدا تورکیا دەبێت سزا بەسەر ئەو ئەکتەرانەدا بسەپێنێت، بەتایبەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، گەورەترین دارایی شەڕ و سەرچاوەی سەرەکی ناسەقامگیری و داگیرکاری. پێویستە تورکیا هەنگاوی بەهێزتر و چارەنووسسازتر بنێت، لەوانە فشاری دیپلۆماسی و داوای گۆشەگیری لەسەر پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەکان."
"لە دژی بزووتنەوەی ئیسلامی سوودان کە پاڵپشتی لە سوپای سوودان دەکات، زمانی ڕق و کینە بەکاردەهێنرێت"
ئیمیر وتی، "بۆ ئەوەی ئاشتی لە سوودان بەرقەرار بێت، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە ناوچەییەکان فشارێکی بەرچاو بخەنە سەر هێزەکانی پشتیوانی خێرا. ئاگربەستێکی کاتی و دەستپێکردنی دانوستانەکان پێویستە بۆ چارەسەرکردنی کارەساتی مرۆیی ئێستا، کۆمەڵکوژییەکان و دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتن بە تەندروستی و خۆراکی خەڵک، کە ئێمە بە بنەڕەتیترین مافەکانی مرۆڤ دەزانین. لەم ڕووەوە کۆمەڵێک دەستپێشخەری هەیە. ئەمریکا بە تایبەتی لە ڕێگەی سعودیە و میسرەوە هەنگاوی ناوە و دانوستانەکانی ئاگربەستی دەستپێکردووە. بەڵام بەداخەوە قسەی ڕق و کینە بە تایبەتی لە دژی بزووتنەوەی ئیسلامی سوودان کە پاڵپشتی لە سوپای سوودان دەکات بەکاردەهێنرێت. ئێمە پێمان وایە گفتوگۆی وڵاتانی بەشدار لە پڕۆسەکانی دانوستان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی دوورخستنەوەی بزووتنەوەی ئیسلامی سوودان لە بەشداریکردن لە ئاگربەست و حوکمڕانی، بە شێوەیەکی جددی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدات. بۆیە پێویستە وڵاتانی نێوەندگیری ئێستا دەستبەرداری شەڕی خۆیان بەرامبەر بە بەهاکان و بزووتنەوە ئیسلامییەکانی کۆمەڵگەی سوودان بن و بەرپرسیارێتی تەواو لە بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەیی لە ئەستۆ بگرن."
"جارێکی تر ئەوەمان بۆ دەردەخات کە پارچەپارچەبوونی ناوخۆیی جیهانی ئیسلامی ناتوانێت بەردەوام بێت"
ئیمیر لە بەردەوامی ئاماژەی بەوە کرد کە جینۆسایدەکەی غەززە و گەشەپێدانەکانی سوودان دووبەرەکی جیهانی ڕۆژئاوایان نیشان داوە و وتی، "رووداوەکانی غەززە و سوودان هەم دوو پێوەرەکانی ڕۆژئاوا و هەم بێدەسەڵاتی جیهانی ئیسلامی ئاشکرا دەکەن. لە هەردوو حاڵەتەکەدا کێشەی بنەڕەتی قوربانیدانی بەها مرۆییەکانە بۆ ئامانجە سیاسییەکان. بەداخەوە حکومەتەکان تەنها کاتێک مامەڵە دەکەن کە بەرژەوەندییەکانی خۆیان بکەوێتە مەترسییەوە. ئەم بارودۆخانە لە سوودان و غەززە نەک هەر نادادپەروەری سیستەمی نێودەوڵەتی بەڵکو پارچەپارچەبوونی ناو خودی جیهانی ئیسلامیشمان بیردەخاتەوە. بەڵام ئەم پارچەپارچەبوونە گەیشتووەتە خاڵێکی ناپایەدار. جینۆسایدی دوو ساڵەی غەززە بەتایبەتی و ئەو کارەساتە مرۆیی و کۆمەڵکوژییانەی ئێستا لە سوودان ڕوودەدەن، جارێکی دیکە ئەوە نیشان دەدەن کە پارچەپارچەبوونی ناو جیهانی ئیسلامی ئوممەتی ئیسلامی ناتوانێت بەردەوام بێت."
"جیهانی ئیسلامی ئیتر پاسیڤ نییە؛ دەبێت ببێتە ئەکتەرێک کە ڕووبەڕووی کێشەکانی ببێتەوە و چارەسەر بەرهەم بهێنێت و ڕەفڵەکسی هاوبەش پەرەپێبدات"
ئیمیر لە کۆتاییدا وتی، "تا وڵاتانی ئیسلامی توانای چارەسەرکردنی قەیرانەکانی خۆیان پەرەپێنەدەن و واز لە خووی داوای مۆڵەت لە ئەمریکا و زلهێزەکانی ڕۆژئاوا نەهێنن، بەداخەوە ئەم جۆرە کارەساتانە دووبارە دەبنەوە. تا ڕووبەڕوویان نەبینەوە، بەم دۆخە مەحکوم دەبین. لەبری دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی وابەستە بە دەستێوەردانی دەرەکی، دەبێت میکانیزمی ناوچەیی لەسەر بنەمای ئیرادەی بەکۆمەڵ و هاودەنگی دابنرێت. بۆیە زۆر گرنگە دیدگایەکی نوێی هاودەنگی بنیات بنرێت نەک تەنها کاردانەوە بەرامبەریان. جیهانی ئیسلامی ئیتر پاسیڤ نییە؛ دەبێت ببێتە ئەکتەرێک کە ڕووبەڕووی کێشەکانی ببێتەوە و چارەسەر دروست بکات و وەڵامی بەکۆمەڵ پەرەپێبدات. ئەمەش تەنیا لە ڕێگەی هەڵوێستێکی بوێرانە و سەربەخۆ و پرەنسیپییەوە دەکرێت."(İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
عومەر ئادیگوزەل پەیامنێری ئیلکها کە بۆ بەشداری لە فلۆتیلای جیهانی سومود لە تونس بوو باس لە قۆناغەکە و ئەو شتانەی روویان دا کرد.
ئوسامە حەمدان ئەندامی ئۆفیسی سیاسی حەماس جەختی لەوە کرد کە دوای شەهادەتی یەحیا سینوار بزووتنەوەکە بە دەست بۆشایی سەرکردایەتییەوە ناناڵێت و ئیدعاکانی دامەزراندنی "ئەنجومەنی سەرکردایەتی"ـی رەتکردەوە.
عەزیز تەکدال یەکێک لە خزمەکانی خوالێخۆشبوو فەسیح گولەر ئەندامی جەماعەتی حزب الله-ی باکووری کوردستان و تورکیا باسی لەوە کرد کە لەگەڵ ئەوەی ٤ ساڵ بە سەر کۆچی دواییەکەی تێپەڕیوە بەڵام ئێشی کۆچی دوایی مامۆستا هێشتا تازەیە.
مامۆستا جەوهەر عبدالله کە لە هەولێرەوە بەشداری لە ٧مین دیداری زانایان کردبوو وتی، "خەلک تەواو لە دین تێنەگەشتووە. ئەگەر تەواو لە دین تێبگات ئەو فەسادیەی بڵاو ناکات، گوناه ناکات، جوێن نادات، زوڵم و غەدر ناکات."