چین کەشتیی ئاسمانیی «شێنجۆ-٢٤» (Shenzhou-24)ی هەڵدا کە یەکەم ئاسمانەوانی بیانیی هەڵگرتووە
چین ئەمڕۆ کەشتیی ئاسمانیی شێنجۆ ٢٤ (Shenzhou 24)ی بە تیمێکی پێکهاتوو لە دوو ئاسمانەوانی چینی و ئاسمانەوانێکی پاکستانییەوە ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد
ئەم ئەرکە کە ئاسمانەوانی پاکستانی، محەممەد زیشان عەلی تێیدا بەشدارە، لە ڕووی ناردنی یەکەم ئاسمانەوانی بیانی بۆ وێستگەی بۆشایی ئاسمان لە چوارچێوەی بەرنامەی بۆشایی ئاسمانیی مرۆڤهەڵگری چیندا، گرنگییەکی مێژوویی هەیە.
عەلی تەمەن ٤٠ ساڵی پاکستانی، لەگەڵ ئاسمانەوانانی چینی، تانگ هۆنگبۆی تەمەن ٥١ ساڵ و وو یی (Wu Yi) تەمەن ٣٩ ساڵ، لە ناوەندی هەڵدانی مانگە دەستکردەکانی جیوچوان (Jiuquan Satellite Launch Center) لە باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەوە بەرەو بۆشایی ئاسمان هەڵدران.
دوای هەڵدانەکە کە بەیانیی ئەمڕۆ ئەنجام درا، کەشتییە ئاسمانییەکە بە سەرکەوتوویی لە مووشەکەکە جیا بووەوە و لە خولگەی دیاریکراوی خۆیدا جێگیر بوو. دواتر تیمەکە چوونە ناو وێستگەی بۆشایی ئاسمان و لەوێ لەگەڵ ئەو سێ ئاسمانەوانەی لە چوارچێوەی ئەرکی شێنجۆ-٢٣دا لە وێستگەکە بوون کۆبوونەوە و وێنەی بەکۆمەڵیان گرت.
ئەم ئەرکە بووە یەکەم گەشتی بۆشایی ئاسمان لە مێژووی بەرنامەی بۆشایی ئاسمانیی مرۆڤهەڵگری چیندا کە تێیدا ئاسمانەوانانی چینی و بیانی پێکەوە ئەنجامی بدەن.
جۆش و خرۆشی ئەرکە مێژووییەکە لە پاکستان
لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی پێش هەڵدانەکە کرد، جەماوەر بە مۆبایلەکانیان ساتە مێژووییەکانیان تۆمار دەکرد.
لە پاکستانیش بەرزبوونەوەی کەشتییە ئاسمانییەکە کە ئاسمانەوان عەلیی هەڵگرتبوو بەرەو ئاسمان، بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازیی لێ کرا. ئەو هاووڵاتییانەی لە ڕێگەی تەلەڤزیۆنەکانەوە چاودێریی هەڵدانەکەیان دەکرد، دروشمی"İاللە اکبر" و "بژی دۆستایەتیی پاکستان و چین"یان دەگوتەوە. ژمارەیەکی زۆر لە پاکستانییەکان کە لە چێشتخانە و ماڵەکانیاندا سەیری پەخشەکەیان دەکرد، بە بۆنەی ئەم ئەرکەوە کە وەک خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ بۆ بەرنامەی بۆشایی ئاسمانیی وڵاتەکەیان هەڵدەسەنگێندرێت، بەشدارییان لە ئاهەنگگێڕاندا کرد.
زانایانی ناوەندی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی پاکستانیش چاودێریی پرۆسەی هەڵدانەکەیان دەکرد
ئاسف عەلی زەرداری، سەرۆککۆماری پاکستان و شی جینپینگ، سەرۆکی چین، لە ڕێگەی نامەی ئاڵوگۆڕکراوەوە خۆشحاڵیی خۆیان بە بەشداریکردنی ئاسمانەوانەکە لەو ئەرکەدا دەربڕی. لە ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی زەرداریدا هاتووە کە هەردوو سەرکردە ئەم پێشهاتەیان وەک خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ لە پەیوەندییەکانی نێوان پاکستان و چیندا هەڵسەنگاندووە.
بەپێی هەواڵێکی تەلەڤزیۆنی فەرمیی چین (CCTV)، شی وێستگەی بۆشایی ئاسمانیی چینی وەک «کەشتییەک»ی ئاشتی، دۆستایەتی و هاوکاری وەسف کردووە و ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی ئامادەیە بەکارهێنانی ئاشتییانەی بۆشایی ئاسمان لەگەڵ وڵاتانی تردا بەردەوام پێ بدات و هاوکاریی نێودەوڵەتی پەرە پێ بدات.
شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستانیش لە ڕاگەیەندراوێکدا بە بۆنەی هەڵدانەکەوە، ئەرکەکەی عەلیی وەک سەرچاوەی شانازی بۆ وڵات و پێشهاتێکی گرنگ کە ئیلهام بە گەنجان دەبەخشێت، وەسف کرد.
شەریف لە پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس (X) نووسیویەتی: «ئەمە تەنها گەشتی ئاسمانەوانێک نییە، بەڵکو گەشتی ٢٤٠ ملیۆن پاکستانییە.»
شەریف سوپاسی چینی کرد بۆ بەشدارپێکردنی ئاسمانەوانە پاکستانییەکە لە ئەرکەکەدا و ئاماژەی بەوە دا کە گەشتەکە ڕەنگدانەوەی پەیوەندییە نزیکەکانی نێوان هەردوو وڵات و ئەو هاوکارییەیە کە گوازراوەتەوە بۆ بواری بۆشایی ئاسمان.
ئاسمان چیتر سنوورمان نییە، بەڵکو شوێنی هەڵفڕینمانە
ئەحسەن ئیقبال، وەزیری پلاندانان، گەشەپێدان و دەستپێشخەرییە تایبەتەکانی پاکستان، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە ناوەندی هەڵدانەکە، هیوای خواست کە ئەم ئەرکە ببێتە سەرەتایەک بۆ هاوکاریی بەرفراوانتر لە داهاتوودا.
ئیقبال سوپاسی شی جینپینگ، سەرۆکی چین، حکوومەتی چین و ئەو زانا و ئەندازیارانەی کرد کە ڕەنجیان لە ئەرکەکەدا کێشاوە، و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا پاکستان دەتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئاسمانەوان بنێرێت، گوتی: "بێگومان ئەو ڕۆژەش دێت."
ئیقبال ئاماژەی بەوە دا کە عەلی تەنها ناوی خۆی نا، بەڵکو ئاڵای پاکستانیشی بردووەتە بۆشایی ئاسمان و جەختی کردەوە کە ئەرکەکە لە ڕووی ئامانجە زانستی و تەکنەلۆجییەکانی وڵاتەکەوە گرنگییەکی گەورەی هەیە.
ئیقبال بە بەکارهێنانی دەستەواژەی "ئاسمان چیتر سنوورمان نییە، بەڵکو شوێنی هەڵفڕینمانە"، ڕایگەیاند کە ئەم ئەرکە ئیلهام بەو گەنجە پاکستانییانە دەبەخشێت کە ئامانجیان کارکردنە لە بوارەکانی زانست و تەکنەلۆجیادا.
تیمەکە زیاتر لە ٩٠ تاقیکردنەوەی زانستی ئەنجام دەدات
لەم ئەرکەدا کە لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتننامەیەدا ئەنجام دەدرێت کە لە شوباتی ٢٠٢٥ لە نێوان چین و پاکستاندا واژۆ کراوە، پلانی ئەنجامدانی زیاتر لە ٩٠ تاقیکردنەوەی زانستی و تێستی تەکنەلۆجی هەیە.
بەپێی هەواڵێکی پێشووتری ئاژانسی هەواڵی فەرمیی چین، عەلی لە ماوەی ئەرکە کورتخایەنەکەیدا لە بۆشایی ئاسمان، تاقیکردنەوەیەک لەسەر بەکتریا شینە ڕۆشنەپێکهاتەکان (سایانۆبەکتریا) ئەنجام دەدات. بڕیاریشە ئاسمانەوانە پاکستانییەکە دوای تەواوکردنی ئەرکەکەی، بە کەشتیی ئاسمانیی شێنجۆ-٢٣ بگەڕێتەوە سەر زەوی.
لە کاتێکدا عەلی و وو یی بۆ یەکەم جار گەشتی بۆشایی ئاسمان دەکەن، تانگ هۆنگبۆ پێشتر لە دوو ئەرکی جیاوازی بۆشایی ئاسماندا بەشدار بووە. بەپێی تەلەڤزیۆنی فەرمیی چین (CCTV)، تانگ بووە یەکەم ئاسمانەوان کە سێ جار بچێتە وێستگەی بۆشایی ئاسمانیی تیانگۆنگ (Tiangong).
تانگ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ڕۆژی سێشەممە بەڕێوەچوو، گوتی کە جیاوازییەکانی بواری زمان، کولتوور و دەروونی پرۆسەی کارکردنی پێکەوەییان قورس کردبوو، بەڵام هەوڵەکانی هەردوولا ئەنجامی ئەرێنییان هەبووە.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، لێهاتوویی عەلی لە زمانی مانداریندا (چینی) سەرنجی ڕاکێشا. عەلی بە ئاماژەدان بە دێڕە شیعرێکی چینی کە بە واتای "سەرکەوتنی نهۆمێکی تر بەرەو سەرەوە بۆ ئەوەی دوورتر ببینیت» دێت، گوتی: «ئەمە وەک ڕاهێنانی ڕۆژانەم وایە. هەموو ڕۆژێک گەیشتن بە لووتکەی نوێ."
لە لێدوانەکەشیدا بە زمانی ئینگلیزی، هیوای خواست کە هاوکاریی بۆشایی ئاسمان لە نێوان هەردوو وڵاتدا لە داهاتوودا لە تەنها گەشتێکی یەک ئاسمانەوانەوە فراوانتر ببێت بۆ چەندین ئەرکی هاوبەش، و لەوێشەوە بەرەو مانگ، مەریخ و ئەودیوتریش درێژ ببێتەوە.
چین ئامانجیەتی تا ساڵی ٢٠٣٠ مرۆڤ بنێرێتە سەر مانگ
چین ئامانجیەتی تا ساڵی ٢٠٣٠ یەکەم گەشتی مرۆڤهەڵگر بەرەو مانگ ئەنجام بدات. ئاژانسی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمانیی ئەمریکاش (ناسا - NASA) پلانی هەیە لە ساڵی ٢٠٢٨دا دووبارە ئاسمانەوانان لەسەر ڕووی مانگ داببەزێنێت.
هەردوو وڵات لە پێناو لێکۆڵینەوەکانی بۆشایی ئاسمان و ئامانجەکانی ناردنی مرۆڤ بۆ سەر مانگ، لە نێو هێزە پێشەنگەکانی بۆشایی ئاسمانی جیهاندا کێبڕکێ دەکەن. (İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
لە ئەنجامی هەڵسانی لافاو لە کانێکی زێڕی بێ مۆڵەت لە پارێزگای جاڤای وڵاتی ئەندەنۆسیا ٣ کانگەر گیانیان لەدەستدا و ٢٣ کەسیش بێ سەروشوێنن.
لە کاتێکدا هەنگاوەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ لاوازکردنی میکانیزمی دادوەریی نێودەوڵەتی بەهۆی بەئامانجگرتنی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بە گەمارۆ و سزا بەردەوامن، پشتیوانییەکی گرنگ لە ژاپۆنەوە بۆ دادگاکە هات.
لە کاتێکدا فشارە سیاسی و ئابوورییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر کەنەدا بەردەوامن، کاردانەوەی کەنەدا بەرامبەر ئەو ڕاگەیەندراوانەی پێنتاگۆن هات کە حکوومەتی ئۆتاوایان لە ڕێگەی خەرجییەکانی بەرگرییەوە کردبووە ئامانج.