مەشعەل: چەکدانان لە کولتووری گەلی فەلەستیندا بەتەواوی ڕەتکراوەیە
خالید مەشعەل، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد کە دۆزی فەڵەستین جارێکی دیکە بۆ ناو دڵی ئوممەت و ڕای گشتیی جیهان گەڕاوەتەوە و جەخی لەوە کرد کە "چەکدانان لە کولتووری گەلی فەلەستیندا بەتەواوی ڕەتکراوەیە."
خالید مەشعەل، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە دەرەوە، لە گفتوگۆیەکی نوێدا لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرە، بە ئاماژەدان بەوەی کە دۆزی فەلەستین جارێکی دیکە بۆ ناو دڵی ئوممەت و ڕای گشتیی جیهان گەڕاوەتەوە، ڕایگەیاند کە "پشتیوانیی نەوەی گەنج لە ئەمریکا و ئەورووپا بۆ بەرگری، لەوانەش هاوڕایی ٥١ لسەدی گەنجانی ئەمریکی لەگەڵ حەماس، دەریدەخات کە 'تۆفانی ئەقسا' لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هاوکێشە جیهانییەکانی گۆڕیوە."
"بەرپرسیارێتیی ئێمە بەرانبەر بە پێگە و پشتیوانیی جەماوەری لە غەززە زۆر گەورەیە"
خالید مەشعەل وتی، "ئەمڕۆ لە تەنیشت سازێنەرانی 'تۆفانی ئەقسا' وەستاوین؛ دوای دوو ساڵ پڕ لە قارەمانیەتی و داهێنان، دوو ساڵ خۆڕاگری و ڕەنجی پشتیوانییە جەماوەرییە گەورەکەی غەززە کە ئەم شکۆ و سەروەرییەیان تۆمار کرد. بەرپرسیارێتیی ئێمە بەرانبەر بە پێگە و پشتیوانیی جەماوەری لە غەززە زۆر گەورەیە؛ ئەمە تەنها بەرپرسیارێتیی سەرکردایەتیی حەماس یان سەرکردەکانی فەلەستین نییە، بەڵکوو بەرپرسیارێتیی تەواوی ئوممەتە و ئێمە بە هەموو توانایەکەوە لە تەنیشتیان دەمێنینەوە. دۆزی فەلەستین ئەمڕۆ لە پێگەیەکی بێ وێنەدا وەستاوە؛ ڕۆحی ئەم دۆزە کە ساڵانێک بوو فەرامۆش کرابوو و خرابووە پەراوێزەوە، ئێستا جارێکی دیکە لە گۆڕەپانی ناوچەیی و جیهانیدا ئامادەییی هەیە و خۆی بەسەر هەموواندا سەپاندووە."
"لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، ڕووی ناشرینی ئیسرائیل ئاشکرا بوو"
مەشعەل لە بەردەوامی ئاماژەی بەوە کرد کە جووڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان ئێستا لە کۆنفرانس و کۆبوونەوەکاندا دەربارەی چارەسەری دوو دەوڵەتە، کە پێشتر باسکردنی هێڵی سوور بوو، چونکە رژێمی داگیرکەر دژی بوو و لەناوی بردبوو و حکوومەتی ئەمریکاش لێی پاشگەز بووبووەوە و دواتر وتی، "دۆزی فەلەستین ئەمڕۆ گۆڕەپانی نوێی بەدەست هێناوە. بەرگری بە هەموو ناونیشانە ناسراوەکانییەوە چووەتە ناو زهنییەت و ویژدانی نەوەی گەنجی ئەمریکا و ئەورووپا. ئێستا ٥١ لەسەدی گەنجانی ئەمریکی نە تەنها لەگەڵ دۆزی فەلەستین، بەڵکوو لەگەڵ حەماس و بەرگری هاوڕان؛ ئەمە دەستکەوتێکی زۆر گرنگ و گەورەیە بۆ دۆزی فەلەستین. لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، ڕووی ناشرینی ئیسرائیل ئاشکرا بوو؛ بە شێوەیەک کە ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا وڵاتان لە دژی ئەو جەربەزەیییان پەیدا کردووە، لە کاتێکدا پێشتر هیچ سیاسەتمەدار یان سەرکردەیەک بوێریی هەڵوێست وەرگرتنی لە بەرانبەریدا نەبوو. ئیسرائیلییەکان ئەمڕۆ دەرکراو و پەراوێزخراون، چونکە وابەستەی بوونەوەرێکی بکوژن؛ چونکە جینۆساید، تاوانێکە لە ئاستی هۆلۆکۆستێکی ڕاستەقینەدا."
"ئەمڕۆ ئەمڕۆ بێدار بووەتەوە و ڕۆحێکی نوێی سەبارەت بە دۆزی فەلەستین وەرگرتووە"
هەروەها وتی، "دۆزی فەلەستین جارێکی دیکە ڕۆحی بۆ ناوچەکە و ئوممەت گەڕاندەوە. دوای ئەوەی ئوممەت بەهۆی ڕەوتی سازش، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و هەوڵدان بۆ هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل کەوتبووە ناو تونێلێکی تاریکەوە، ئەمڕۆ بێدار بووەتەوە و ڕۆحێکی نوێی سەبارەت بە دۆزی فەلەستین وەرگرتووە. هەموو ئەوەی دەربارەی دەستکەوتەکان و کاریگەرییە قووڵەکانی 'تۆفانی ئەقسا' لە دوو ساڵی ڕابردوودا دەیڵێین، بێگومان باجێکی قورسی لەگەڵدا بووە: زیاتر لە ٧٠ هەزار شەهید، ٢٠٠ هەزار بریندار و قەبارەیەکی گەورە لە ڕەنجی مرۆیی. ئەمە باجێکی قورس و بەئازارە کە بەتایبەتی غەززە داویەتی و ئەمڕۆ کەرتی ڕۆژئاواش دەیدات. بەڵام إن شاء الله و بە یارمەتیی خوا لەم قۆناغەوە بەرەو ئازادی دەپەڕینەوە."
مەشعەل لە بەردەوامی لە بارەی بیرۆکەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ رژێمی سەهیۆنی وتی، "ئەمڕۆ بەراورد بە پێش ٧ی ئۆکتۆبەر دوورتر کەوتووەتەوە، مەگەر ئەوەی کەسانێک بیانەوێت ڕاستییەکان پێچەوانە نیشان بدەن یان چاو لە ئاکامەکانی ئەم جەنگە دوو ساڵە بێ بەزەیییە دژی غەززە بپۆشن. حکوومەتی ئەمریکا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئەو دەستپێشخەرییانەی کە بۆ وەستانی جەنگ و پێشکەشکردنی چارەسەرەکان دەیخاتە ڕوو، وێنەیەکی هەرچەندە بەشەکی و ناتەواویش بێت لە جۆرێک لە سەقامگیری لە غەززە نیشان بدات؛ تا لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا وەک دەستکەوتێکی شایانی خستنەڕوو وێنای بکات. ئامانجی ئەم هەوڵانە سەرەتا ڕزگارکردنی 'ئیسرائیل'ـە لە دەست خۆی، پاشان ڕزگارکردنی ڕوو و ئیعتیبارە ڕووخاوەکەیەتی، و لە کۆتاییدا بەکارهێنانی ئەم دەستکەوتە سنووردارەیە بۆ برەوپێدانی لەلای هەندێک وڵاتی ناوچەکە لەسەر بنەمای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان."
"داگیرکەران نەیانتوانی وێنەی شکۆی لەدەستچووی خۆیان دروست بکەنەوە"
خالید مەشعەل لە بەردەوامی باسی لەوە کرد، "جەنگ لە شێوە فراوانەکەیدا بێگومان کۆتاییی هاتووە و هیوادارین نەگەڕێتەوە؛ ئێمەش بۆ ڕێگری لە گەڕانەوەی هەوڵ دەدەین. بە بڕوای من، ئەم جەنگە توانای بەرگەگرتنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەتەواوی داتەپاندووە. حکوومەتی ئەمریکاش بۆ ئەم مەبەستە هەوڵی دا، چونکە هەم لە کۆمەڵگەی ئەمریکا و هەم لە ناو پارتە سیاسییەکاندا گوشارێکی بەرفراوان دروست بوو و لە پایتەختەکانی ئەورووپاشدا ڕای گشتی چیتر بەرگەی ئەم لافاوی خوێنەی لە غەززە نەدەگرت و گوشاری دەخستە سەر حکوومەتەکان. هەڵبەت لە ئاستی سەهیۆنیدا، نەتانیاهو و باندە تیرۆریستییەکەی هێشتا بە بێشەرمییەوە دەڵێن کە جەنگ بەردەوامە؛ چونکە هێشتا تینوویەتیی تۆڵەکردنەوەیان نەشکاوە، لەبەر ئەوەی غەززە سەرباری هەموو ئەو وێرانییانە لە بەرانبەریاندا خۆڕاگریی کرد و لە ٧ی ئۆکتۆبەردا ئەوانی سووک کرد و داگیرکەران نەیانتوانی وێنەی شکۆی لەدەستچووی خۆیان دروست بکەنەوە.
کاتی ئەوە بوو کە ئەم جەنگە بوەستێت و ئێستا وەستاوە. جووڵە عەرەبی و ئیسلامییەکان لە سەرەتاوە دژی بەردەوامیی جەنگی جینۆساید و پلانەکانی کۆچپێکردن بوون. بەڵام ئێمە چاوەڕوانیی زیاترمان هەبوو؛ ئەوەی کە لە مانگە سەرەتاییەکانەوە هەوڵێکی چڕ بۆ وەستانی جەنگ دروست ببوایە و سەرکردە عەرەب و مسوڵمانەکانی ناوچەکە لە تەنیشت سەرکردە شایستەکانی جیهان بوەستانایە و بە حکوومەتی ئەمریکا و پایتەختە ڕۆژئاواییەکانیان بگوتایە: بەسە، ئەم جەنگە دەبێت کۆتاییی پێ بێت."
مەشعەل لە بەردەوامی سەبارەت بە قۆناغی ئاگربەست وتی، "ئەو هەوڵەی لەم دواییانەدا ئەنجام درا، کاتێک سەرکردەی ٨ وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی لە پەراوێزی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان چوونە نیویۆرک و لەگەڵ ترامپ کۆبوونەوە، لە ڕاستیدا هەنگاوێکی کۆتایی بوو بۆ گەیاندنی دۆخەکە بە وەستانی ئەم جەنگە. قۆناغی یەکەمی پلانی ترامپ هێشتا کۆتاییی نەهاتووە، چونکە رژێمی سەهیۆنی هێشتا لەسەر کۆسپ دروستکردن تێیدا پێداگری دەکات و ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ڕەنج و قەیرانی مرۆیی."
"ئەمڕۆ لە بواری نیشتەجێکردن و سەقامگیریی ژیاندا، خەڵک ڕووبەڕووی ڕەنج و قەیرانن"
خالید مەشعەل لەبارەی دۆخی لەناباری غەززە و کێشەکانی غەززە وتی، "لە کەرتی غەززە شەپۆلێکی کەشوهەوای سارد و بارانبارین لە ئارادایە و خێمەکان دڕاون و خەڵک چیتر نە خێمەی نوێ پەیدا دەکەن و نە کانێکس. بنەما لەسەر ئەوە بوو کە ئاوەدانکردنەوە لە قۆناغی دووەمدا دەست پێ بکات، بەڵام ئەمڕۆ لە بواری نیشتەجێکردن و سەقامگیریی ژیاندا، خەڵک ڕووبەڕووی ڕەنج و قەیرانن. لە بابەتی نیشتەجێکردن و گەیاندنی یارمەتیدا، شایەتی سەرپێچی و پێشێلکاریی سەهیۆنییەکانین. لە ڕێککەوتندا بڕیار وا بوو ڕۆژانە ٦٠٠ بارهەڵگر بچێتە غەززە؛ بەڵام لە سەرەتادا تەنها ١٥٠ بارهەڵگر دەچوو. دواتر ئەم ژمارەیە زیاد کرا و گەیشتە نزیکەی ٥٠٠ بارهەڵگر لە ڕۆژێکدا، بەڵام تەنها یەک لەسەر سێی ئەم بارهەڵگرانە هەڵگری یارمەتین بۆ خەڵک و دوو لەسەر سێیان کاڵای بازرگانین. خەڵکی غەززە پێویستییان بە یارمەتییە و تەنها دابینبوونی بڕێک کاڵا لە بازاڕدا بەس نییە، چونکە خەڵک پارەیان نییە بۆ کڕینی. لەم ڕووەوە، پێویستییەکی بەپەلە بۆ دروستکردنی سەقامگیری، دابینکردنی خۆراک و دەرمان، هەڵگرتنی قەبارەی زەبەلاحی داروپەردوو، هاتنەژوورەوەی ئامێرە قورسەکان، نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەکان، دابینکردنی کەرەستەی پزیشکی و کردنەوەی دەروازەی ڕەفەح هەیە."
هەروەها وتی، "ئیسرائیل هەروەها هێڵی زەرد پێشێل دەکات؛ بە شێوەیەک کە چەندین کیلۆمەتر هێناویەتییە پێشەوە و ئێستا نزیکەی ٦٠ لەسەدی ڕووبەری کەرتی غەززە لەژێر کۆنترۆڵی سەهیۆنییەکاندایە. کەواتە پێشێلکارییەکان زۆر زۆرن. ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات کە هێشتا تەرمی هەندێک لە دیلەکان لە غەززەیە، بەڵام تەنها یەک تەرم ماوەتەوە. دوێنێ و ئەمڕۆش لە گەڕەکی زەیتوون گەڕان ئەنجام درا، بەڵام بێ ئەنجام بوو؛ لە کاتێکدا لایەنی فەلەستینی و بەرگری، بە هەموو لقەکانییەوە، هەر چییەکیان لە ئەستۆ بووە بەتەواوی جێبەجێیان کردووە."
"نزیکەی ١٠ هەزار کەس بێسەروشوێنن بەڵام لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دەربارەی بێسەروشوێنبووانی فەلەستینی پرسیار ناکرێت"
ناوبراو لە بەردەوامی ئاماژەی بەوە کرد کە تەواوکردنی قۆناغی یەکەمی ئاگربەست بە هەموو پابەندییەکانییەوە پێویستییەکی حەتمییە تا بتوانن بۆ قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە بپەڕینەوە و وتی، "هێشتا لە کەرتی غەززە ڕەهەندی جیاواز لە ئازار بوونی هەیە؛ لەوانە دۆسیەی بێسەروشوێنبووان. نزیکەی ١٠ هەزار کەس بێسەروشوێنن، و هەندێک لەو تەرمانەی ڕادەستی خێزانەکان کراونەتەوە، هێشتا ناناسرێنەوە. لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا جۆرێک لە پێوەری دووفاقی هەیە؛ ئەوان تەنها چاوەڕوانن ببینن چەند تەرمی ئیسرائیلی ماوەتەوە، بەڵام دەربارەی ئەم قەبارە گەورەیە لە قوربانی و بێسەروشوێنبووانی فەلەستینی پرسیار ناکەن. هەروەک چۆن ئیسرائیلیش چارەنووسی دیلە فەلەستینییەکان بە نهێنی دەهێڵێتەوە.
بەرپرسیارێتیی هەموومانە کە برینەکانی غەززە ساڕێژ بکەین و بە هەر شێوەیەک دەکرێت یارمەتیی بدەین و هەروەها کۆمەڵگە عەرەبی، ئیسلامی و مرۆییەکان بۆ ڕۆڵی کاریگەری خۆیان لە گوشارخستنە سەر پایتەختە ڕۆژئاواییەکان و رژێمی سەهیۆنی بگەڕێنینەوە. جەنگ هێشتا کۆتاییی نەهاتووە و خەڵکی غەززە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستییان بە هیممەتی ئوممەت و مرۆڤایەتیی جیهان هەیە."
"ئێمە هێشتا بە بەرپرسیارێتی، نەرمی و دیسپلینەوە کار دەکەین تا جەنگ بۆ غەززە نەگەڕێتەوە"
هەروەها وتی، "حەماس هەوڵ دەدات بە هانای خەڵکی غەززەوە بچێت و لە تەنیشتیان بوەستێت و هەروەها گوشار دەخاتە سەر حکوومەتی ئەمریکا و رژێمی سەهیۆنی تا پابەندییەکانی قۆناغی یەکەم بەتەواوی جێبەجێ بکرێن. پاشان زەمینە بۆ چوونە ناو قۆناغی دووەم خۆش دەکەین تا غەززە بۆ ئاستێکی مەعقوول لە سەقامگیری بگەڕێتەوە، بەرەو باشبوونی تەواو هەنگاو بنێت و پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بونیادنان دەست پێ بکات.
لە کاتی ڕاگەیاندنی پلانی ترامپ و دواتر گۆڕینی بۆ بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش، حەماس، بەرگری و هەڵوێستی نیشتمانیی فەلەستین بە بەرپرسیارێتی و نەرمیی پێویستەوە مامەڵەیان لەگەڵ کرد تا بتوانین جەنگی سەر غەززە ڕابگرین؛ چونکە ئەمە ئەرکی ئێمەیە بەرانبەر بە گەلەکەمان. ئێمە هێشتا بە بەرپرسیارێتی، نەرمی و دیسپلینەوە کار دەکەین تا جەنگ بۆ غەززە نەگەڕێتەوە و خەڵکی غەززە بتوانن هەناسەیەکی ئاسوودە هەڵمژن."
"چەکدانان لە کولتووری گەلی ئێمەدا بەتەواوی ڕەتکراوەیە"
مەشعەل لە بەردەوامی سەبارەت بە قۆناغی دووەمی ئاگربەست وتی، "خەڵکی غەززە خەڵکێکی گەورەن و توانای ئەوەیان هەیە جارێکی دیکە هەستنەوە سەر پێ و دەستپێشخەری بە خێرایی بەدەست بگرن؛ ئەوان ژیانیان خۆش دەوێت، هەروەک چۆن لە خۆڕاگری و بەرگریدا پێشەنگ بوون و ئەمە ئەو بەرپرسیارێتییەیە کە ئێمە لەسەر بنەمای ئەوە جووڵە دەکەین. بە نزیکبوونەوە لە قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە، ئاڵنگاری دروست دەبێت؛ چونکە هەندێک دەیانەوێت لە بەرانبەر ئەم هەڵوێستە بەرپرسیارانەیەی فەلەستینی، عەرەبی و ئیسلامیدا، تێڕوانینی خۆیان بەسەر ئێمەدا بسەپێنن. نموونەی ئەوەش پرسی چەکی بەرگرییە؛ ئەوان دەیانەوێت ئەم چەکە لە بەرگری وەربگرنەوە، هەروەک چۆن نەتانیاهو و هاوشێوەکانی باسی دەکەن. بەڵام ئەم بابەتە لە کولتووری گەلی ئێمەدا بەتەواوی ڕەتکراوەیە.
ئێمە دەمانەوێت لەم بابەتەدا بگەینە چوارچێوەیەک کە گرەنتیی ئەوە بکات جەنگی دوژمنی سەهیۆنی جارێکی دیکە بۆ غەززە نەگەڕێتەوە و ئەمەش شتێکی کردەیە. دەکرێت ئەم چەکە پارێزراو بێت بەبێ ئەوەی بەکار بهێنرێت یان نمایش بکرێت. لە هەمان کاتدا، ئێمە بیرۆکەی ئاگربەستێکی درێژخایەنمان خستە ڕوو تا گرەنتییەکی ڕاستەقینە دروست بکات. هەروەها هیچ ڕێگرییەک نابینین کە هێزەکانی سەقامگیریی نێودەوڵەتی وەک هێزەکانی یونیفێڵ لە سنوورەکان جێگیر بن و لە نێوان غەززە و رژێمی داگیرکەردا مەودا دروست بکەن."
"چەکدانان بۆ فەلەستینی واتە جیاکردنەوەی ڕۆح لە جەستە"
خالید مەشعەل لە بەردەوامی لەبارەی ڕۆڵی وڵاتانی گرەنتیکار وتی، "لایەنە گرەنتیکارەکان وەک قەتەر، میسر، تورکیا و وڵاتانی دیکە دەتوانن گرەنتیی غەززە، حەماس و هێزەکانی بەرگری بکەن، بە شێوەیەک کە لە لایەن غەززەوە هیچ جۆرە کردەوە یان گرژییەکی سەربازی ڕوو نەدات. بەڵام کێشەکە لە ئێرەدا نییە؛ کێشەی سەرەکی لە توندکردنەوەی گرژی، کوشتار و توندوتیژیی ئیسرائیلدایە دژی خەڵکی غەززە. غەززە کە ئەمڕۆ لە ناخی ئەم داروپەردوو و ئازارە سەختانەوە دێتە دەرەوە، ئەرکی خۆی و بگرە زیاتریش جێبەجێ کردووە. ستراتیژیی غەززە لە قۆناغی داهاتوودا ئەوەیە کە خەریکی خۆی بێت؛ بۆ چاکبوونەوە، ئاوەدانکردنەوە و دەستپێکردنەوەی ژیان.
بەرگری، چەندین ڕێکاری خستووەتە ڕوو کە گرەنتیی پێویست بۆ نەبوونی هەرچەشنە گرژییەکی سەربازی لە نێوان غەززە و رژێمی داگیرکەر دابین دەکات؛ ڕێکارگەلێکی واقیعبینانە، لۆژیکی و کردەیی، بەبێ ئەوەی پەنا بۆ بیرۆکەی چەکداماڵین بەرن. چونکە چەکدانان بۆ فەلەستینی واتە جیاکردنەوەی ڕۆح لە جەستە. ئەزموونی ئێمە لەگەڵ رژێمی داگیرکەر ئەوەیە کە هەر کاتێک چەکی فەلەستینیی لێ وەرگیرابێتەوە یان لەدەستی دابێت، کوشتارەکان دەستیان پێ کردووە؛ وەک ئەوەی لە سەبرا و شاتیلا ڕووی دا و وەک هەموو ئەو کۆمەڵکوژییانەی لە درێژایی مێژوودا لە فەلەستین ئەنجام دراون. فەلەستینی لەژێر داگیرکاریدا دەژی و شانازی بە چەکەکەیەوە دەکات."
"دەبێت هێزەکانی سەقامگیری ئەرکیان پاراستنی ئاشتی بێت نەک سەپاندنی"
هەروەها وتی، "لەگەڵ فەلسەفەی هێزەکانی سەقامگیری تەنها لە یەک گۆشەنیگاوە مامەڵە دەکەین: ئەوەی کە بوونیان لە سنوورەکان بێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەرچەشنە پێکدادانێک بکەن و ئەرکیان پاراستنی ئاشتی بێت نەک سەپاندنی. و ئەوەی پێویستترە ئەوەیە کە گوشار بخرێتە سەر لایەنی زایۆنی، چونکە ئەم ڕژێمەیە کە ئامرازەکانی وێرانکاریی لە بەردەستدایە. هاتنەژوورەوەی ئەم هێزانە بۆ غەززە بەو واتایەیە کە لە جیاتی رژێمی سەهیۆنی ببنە هێزی داگیرکەر و ئەمە شتێک نییە کە هیچ وڵاتێکی عەرەبی یان موسڵمان، یان تەنانەت هیچ وڵاتێک کە ڕێز و بەها بۆ خۆی دابنێت، قبووڵی بکات.
ڕێک کەوتین کە ئیدارەی غەززە بە حکوومەتێکی تەکنۆکرات لەناو خودی غەززە بسپێردرێت؛ چونکە دۆزینەوەی پێکهاتەیەکی حوکمڕانی کە بتوانێت هەم لە غەززە و هەم لە کەرتی ڕۆژئاوا ڕۆڵی خۆی جێبەجێ بکات، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی جەنگ لە غەززە و ڤیتۆی رژێمی سەهیۆنی، دژوار بووبوو. لەم ڕووەوە، پێکهێنانی دەستەیەکی تەکنۆکرات بۆ ئیدارەدانی غەززە خرایە ڕوو و ئێستا ئەم بابەتە گەیشتووەتە قۆناغی پێگەیشتن و تەواوکردن. گفتوگۆیەکی قووڵ لەگەڵ گرووپە فەلەستینییەکان و لەگەڵ حکوومەتی میسر ئەنجام درا و لیستێک بە ٤٠ ناو پێشکەش کرا. لە ناو ئەواندا، ٨ کەسایەتیی کارامە هەڵبژێردران کە نوێنەرایەتیی جیاوازییەکانی کۆمەڵگەی غەززە دەکەن و خاوەنی توانایی و داهێنانن. هاوڕێ لەگەڵ ئەوان، هێزەکانی پۆلیس بۆ پاراستنی ئاسایش جێگیر دەبن تا وێنەیەک لە کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی ڕاستەقینە دروست ببێت؛ کۆمەڵگەیەک کە حەماس و هێزەکانی بەرگری دەستوەردان لە ئیدارەدانی ڕاستەوخۆیدا ناکەن."
"گەڕانەوە بۆ مۆدێلی مەندات یان وەسیایەتی قبووڵنەکراوە"
مەشعەل لە بەردەوامی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەنجومەنی ئاشتی کە باسی لێوە کراوە و ترامپ سەرۆکایەتیی دەکات، مەترسیی جددیی تێدایە و وتی، "چونکە ئەو پێشنیازی کردووە ئەم ئەنجومەنە چەند سەرۆک دەوڵەتێک لەخۆ بگرێت و لەژێر دەستی ئەودا، ئەنجومەنێکی جێبەجێکردن پێک بێت کە بەکردەوە ئیدارەی ڕاستەقینەی غەززە بەدەستەوە بگرێت. و ئەمە هەمان ئەو شوێنەیە کە ئێمە لە دژی دەوەستینەوە، چونکە لەلایەن ئێمەوە ڕەتکراوەیە؛ لەبەر ئەوەی بە جۆرێک لە وەسیایەتی هەژمار دەکرێت و وەبیرهێنەرەوەی سیستەمی مەنداتی بەریتانیایە کە سەد ساڵ پێش ئێستا بەسەر فەلەستیندا سەپێنرا. گەڕانەوە بۆ مۆدێلی مەندات یان وەسیایەتی قبووڵنەکراوە. ئەوان حکوومەتی تەکنۆکرات بە ئامرازێکی وابەستەی ئەو ئەنجومەنە جێبەجێکارە دەزانن و ئەمە بابەتێکی جێگای نیگەرانییە و لە زەین و ویژدانی فەلەستینیدا بەتەواوی ڕەتکراوەیە. ئێمە دەمانەوێت کە فلەستینییەکان خۆیان سەروەریی فەلەستین بەدەست بگرن؛ چونکە ئەوە فەلەستینییەکانن کە بڕیار دەدەن و حوکمڕانی دەکەن."
"پڕۆسەی ئاوارەکردن و کۆچپێکردن لە ناوچەکانی غۆر، دەوروبەری قودس و ناوچە بیابانشینەکان لە ئارادایە"
مەشعەل لە بەردەوامی سەبارەت بە دۆخی کەناری ڕۆژئاوا وتی، "ئیسرائیل دەوێت ناسنامەی سیاسیی کەرتی ڕۆژئاوا بۆ هەمیشە دیاری بکات و لە ڕێگەی هەنگاوگەلێکی مەیدانییەوە بە سەروەریی سەهیۆنییەوە بیلکێنێت. ئێستا پڕۆسەی لکاندنی کردەیی لە ئارادایە؛ بەتایبەتی لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای قودس و هەر ناوچەیەکی هەستیاری دیکە. ئەوان ئەم ناوچانە یەک لە دوای یەک لە ئەولەوییەتی لکاندن دادەنێن. هەروەها هەنگاوگەلێکی کردەیی بۆ فراوانکردنی سەروەریی سەهیۆنی تەنانەت بەسەر ناوچەکانی "B" لە ئارادایە؛ ناوچەگەلێک کە بەپێی ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ، ئاسایشیان لە دەست سەهیۆنییەکان و ئیدارەیان لە ئەستۆی فەلەستینییەکانە. ئیسرائیل هەوڵ دەدات بەڕێوەبەرایەتیی ئیداریی خۆی لە ناوچەکانی "B" وەربگرێتەوە و تەنانەت بیر لە گەڕاندنەوەی کۆنترۆڵی ئیداریی ناوچەکانی "A" کە لەژێر ئیدارەی فەلەستیندایە دەکاتەوە.
ئیسرائیل لە بیری سڕینەوەی تەواوی دەسەڵاتی فەلەستین (تەشکیلات) دایە. هاوکات، پڕۆسەی ئاوارەکردن و کۆچپێکردن لە ناوچەکانی غۆر، دەوروبەری قودس و ناوچە بیابانشینەکان لە ئارادایە؛ هاوڕێ لەگەڵ وێرانکردن و کاولکاریی بەرفراوان. بەم شێوەیە، کەرتی ڕۆژئاوا بەکردەوە بە حاڵی خۆی جێهێڵراوە تا دەستدرێژی بکرێتە سەر و دەستی دانیشتووانی شارۆچکەکان (مستوطنین) بۆ گەندەڵی و وێرانکاری لە زەوییەکەدا کراوەتەوە و شارۆچکەسازییش بەردەوامە."
"ئێمە خوازیاری سەرکردایەتییەکی فەلەستینین کە بە ژیریی سیاسی و بە خۆڕاگری وڵات بەڕێوە ببات"
ناوبراو لە بەردەوامی ڕەخنەی لە دەسەڵاتی فەلەستین گرت و وتی، "دەسەڵاتی فەلەستین بەرپرسیارێتییەکی گەورەی لەسەر شانە، بەڵام هیچ کەس مامەڵەیەکی جددی لەگەڵ پڕۆژە سیاسییەکەی ناکات. دەسەڵاتەکانی کەم کراوەتەوە و تەنها وەک ئامرازێکی ئەمنی سەیری دەکرێت. کاتێک شەهید یاسر عەرەفات تێگەیشت ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ گەیشتووەتە بنبەست، دژی ئەم واقیعە ڕاپەڕی و بوو بە پشتیوانیی ڕاستەقینەی ئینتیفادەی ساڵی ٢٠٠٠؛ و لە کۆتاییشدا بەهۆی هەمان هەڵوێستی قارەمانانەوە، شەهید بوو و گەیشتەوە دیداری پەروەردگار. ئێمە خوازیاری سەرکردایەتییەکی فەلەستینین کە بە ژیریی سیاسی و بە خۆڕاگری وڵات بەڕێوە ببات. و بێگومان، یەکێتیی فەلەستین و بونیادنانەوەی مەرجەعییەتی نیشتمانی لەسەر بنەمایەکی دروست کە هەموو فەلەستینییەکانی ناوەوە و دەرەوە بگرێتەوە، ئێمە لە بەرانبەر دوژمنەکەمان بەهێزتر دەکات.
حکوومەتە عەرەبی و ئیسلامییەکان دەبێت مانەوەی فەڵەستینییەکان بەهێز بکەن. ئوممەتی عەرەبی و ئیسلامی نە تەنها دەتوانێت دروشم بدات، بەڵکوو توانای هەیە یارمەتیی ڕاستەقینە پێشکەش بە خەڵکی کەرتی ڕۆژئاوا بکات تا بتوانین نەتەوە لە خاکەکەیدا بپارێزین، نیشتمانی فەلەستینی و ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبی بپارێزین، و نەهێڵین ئیسرائیل ئەم دۆخە بە دەرفەت بزانێت و خۆی بۆ بەئامانجگرتنی ئوممەتی عەرەبی یەکلایی بکاتەوە."
"حەماس دەرگای پەیوەندییەکانی خۆی بە ڕووی هەموو وڵاتاندا کردووەتەوە"
ناوبراو لە بەردەوامی وتی، "بێگومان، پشتیوانیی ئێران هەمیشە گرنگ و بنەڕەتی بووە و هەرواش دەمێنێتەوە، و ئەوان بەهۆی هەموو شێوازەکانی ئەم پشتیوانییە شایستەی پێزانینن. هەروەها حەماس لە درێژایی ڕێڕەوی خۆیدا لە هەموو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بە جیاوازی لە جۆر، بڕ و لە قۆناغە جیاوازەکاندا یارمەتیی وەرگرتووە. حەماس بەدوای پەیوەندی لەگەڵ هەموو لایەنەکاندایە. ئێمە سوپاسگوزاری هەموو ئەوانەین کە لە تەنیشتمان وەستان، و هەندێکیش لە تەنیشت ئێمە گیانفیداییان نیشان دا. بەڵام حەماس هەرگیز لە هیچ میحوەرێکدا بە شێوەیەک جێگیر نەبووە کە لە بەشەکانی دیکەی ئوممەتی عەرەبی و ئیسلامی جیا بێت. لە سەرەتای دروستبوونیەوە، حەماس دەرگای پەیوەندییەکانی خۆی بە ڕووی هەموو وڵاتاندا کردووەتەوە و پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ تەواوی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی پەرە پێ داوە، مەگەر ئەوانەی کە خۆیان نەیانویست دەرگاکانیان بە ڕووی ئێمەدا بکەنەوە.
حەماس بە دروستی لە تەنیشت نەتەوەی خۆی چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوە وەستاوە؛ و هەروەها لە تەنیشت سیستەمی فەرمیی عەرەبی و ئیسلامی، چ حکوومەتەکان و چ گەلان. ئەمە، کولتوور و ڕێڕەوی ئێمەیە. بزووتنەوەی حەماس لە ڕێڕەوی خۆیدا دوای پشت بەستن بە خوای گەورە پشتی بە توان و هێزی ناوەکیی خۆی بەستووە و لە سەرەتای دروستبوونیەوە بڕیاری دا کە پشت بە خۆی ببەستێت، پاشان پەیوەندیی لەگەڵ ئوممەتەکەی گرێ دا. ئێمە بەدوای بەهێزکردنی ئامادەییی حەماس لەناو ئوممەتی عەرەبی و ئیسلامیدا دەگەڕێین، چونکە ئێمە بەشێک لەم ئوممەتەین و نە دەست لە هاوپەیمانەکانمان هەڵدەگرین، نە لە دۆستەکانمان و نە لەوانەی لە تەنیشتمان وەستاونەتەوە.
هیوای ئێمە ئەوەیە کە ئوممەت دابەش نەبێت بەسەر میحوەر و بەرەبەندیگەلێکدا کە وا دیار بێت لەگەڵ یەکتر لە جەنگدان؛ بەڵکوو بە پێچەوانەوە، لە نێوان خۆیان پەیوەندیی برایەتی، هاوکاری، بەرژەوەندیی هاوبەش و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەی عەرەبی دروست بکەن و خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیی سەهیۆنی یەکلایی بکەنەوە، چونکە بۆ هەر وڵاتێک پلان و ئامانجێک لەم نەخشەیەدا هەیە. ئێمە خاوەنی پرەنسیپگەلێکین و لە هیچ هەڵوێستێکی هەڵەدا لە تەنیشت هیچ لایەنێک ناوەستین. بە ئازادیی خەڵکی سووریا خۆشحاڵین، و مافی هەر نەتەوەیەکی عەرەبییە کە خاوەنی ئازادی و کەرامەت بێت. ئێمە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان ناکەین و حوکم بەسەر ئەزموونەکانیاندا نادەین؛ چونکە بەشێک لە نەتەوەی عەرەبی ئیسلامین و ئەوەی بۆ ئەم نەتەوانە گرنگە بۆ ئێمەش گرنگە."
"ئێمە ئەم رژێمە، سەرباری هەموو ئەو وێرانییانەی دروستی کردووە، بە ویستی خوا تێک دەشکێنین"
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی، "شەهیدبوونی سەرکردەکان لە ڕێڕەوی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکاندا شتێکی سروشتییە و نەبوونی ئەوان ڕەوتی ئازادی و ڕزگاری لاواز ناکات. کاروانێکی گەورە لە شەهیدان لە ناخی حەماس و گرووپە فەلەستینییەکانی دیکەوە، لەم ڕێگەیەدا هاتوونەتە مەیدان. بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان تێک ناشکێن، و حەماس توانای ئەوەی هەیە خۆی و دامەزراوەکانی بونیاد بنێتەوە. کەواتە، هیچ نیگەرانییەک دەربارەی داهاتووی ئەم بزووتنەوەیە بوونی نییە. ئێمە لە سەرکردایەتیی حەماس بڕوامان بە ئاسانی مەحاڵ (سەهلی مومتەنیع) هەیە؛ واتە ئەوەی چۆن ڕۆح، ناسنامە، پرەنسیپ و نەگۆڕەکانی خۆت بپارێزیت و لە هەمان کاتدا لە گۆڕەپانی سیاسەتدا بە شێوەیەک جووڵە بکەیت کە هەڵوێستەکانت بە زمانێکی زیرەکانە کە لایەنی بەرانبەر تێی بگات دەرببڕیت و هاوبەشییەکی نیشتمانی دروست بکەیت. ئەمە فەلسەفەی حەماسە؛ و نە تەنها حەماس، بەڵکوو کۆی ڕەوتە فەڵەستینییەکانیش لەسەر هەمان ڕێڕەو دەڕۆن. ئێمە ئەم رژێمە، سەرباری هەموو ئەو وێرانییانەی دروستی کردووە، بە ویستی خوا تێک دەشکێنین؛ چونکە ئەمە ڕاستیی مێژووە. خوا لەگەڵ ئەم نەتەوە گەورەیە دایە، چونکە ئەم خاکە پیرۆزە لە درێژایی مێژوودا گۆڕستانی داگیرکەران و دەستدرێژیکاران بووە."(İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
سەرچاوە پزیشکییەکان لە غەززە ڕایانگەیاند، منداڵێکی ٨ مانگان لە غەززە بەهۆی سەرما گیانی لەدەستدا.
سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بۆ چوار کەس بەرز بووەتەوە.
بە هاتنی شەپۆلێکی نوێی بارانبارینی توند و هەورەتریشقە بۆ باشوور و ناوەندی کەرتی غەززە، دەیان خێمەی شوێنی نیشتەجێبوونی ئاوارەکان لە خان یوونس و ناوچەکانی دەوروبەری بە تەواوی نقوومی لافاو بوون.
لە ئەنجامی هێرشەکانی رژێمی داگیرکەری سەهیۆنی لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣یەوە لە کەرتی غەززە گەشتە ٧٠ هەزار و ٣٧٣ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەشتە ١٧١ هەزار و ٧٩ کەس.