دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیار لە سەر داواکارییەکانی زەیدی دەدات
دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق ڕایگەیاند کە داواکارییەکانی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ دەستوور گونجاوە.
ڕاگەیاندنی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بەیاننامەیەکی بە ناونیشانی "دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری لەسەر دەستووریبوونی ئەو ڕێکارانە دا کە لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە گیراونەتە بەر" بڵاو کردەوە.
تەواوی دەقی بەیاننامەکە:
"دادگای باڵای فیدراڵی، بڕیاری تەفسیریی خۆی بە ژمارە (٢٦٨/ فیدراڵی/ ٢٠٢٦) لە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێککەوتی ٢٥/ ١١/ ٢٠٢٦ دەرکرد، لەسەر بنەمای داواکاریی بەڕێز سەرۆکوەزیران لە دادگای فیدراڵی بۆ تەفسیرکردنی هەندێک لە ماددەکانی دەستوور؛ کە تێیدا دادگا پێی وایە تەفسیرکردنی دەقە دەستوورییەکان جەختکردنەوە لەسەر ئەوە دەخوازێت کە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە نێوان دەسەڵاتە فیدراڵییەکان و دەسەڵاتەکانی هەرێمدا زیان بە یەکپارچەیی و سەروەریی دەوڵەت ناگەیەنێت، و نابێتە هۆی دابەشکردنی ئەو دەسەڵاتە تایبەتمەند یانەی کە لە دەستووردا بڕیاریان لێ دراوە، هەروەها ڕێگە بە پەکخستنی دەسەڵاتە هاوبەشەکان یان تێپەڕاندنی پێداویستییەکانی هەماهەنگی نادات کە دەستوور فەرزی کردووە.
بە پشتبەستن بە حوکمەکانی ماددەی (٩٣/ دووەم) لە دەستووری کۆماری عێراق بۆ ساڵی ٢٠٠٥، و ماددەی (٤/ دووەم) لە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (٣٠)ی ساڵی ٢٠٠٥ی هەموارکراو، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری دا بە تەفسیرکردنی دەقە دەستوورییەکانی بابەتی داواکارییەکە بەم شێوەیەی خوارەوە:-
یەکەم: پاراستنی سنوورە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری عێراق و دابینکردنی ئاسایش و بەرگریکردن لێیان، لە دەسەڵاتە تایبەتمەند (حەصری)یەکانی دەسەڵاتە فیدراڵییەکانە بەپێی هەردوو ماددەی (١٠٩) و (١١٠/ دووەم)ی دەستوور، و حکوومەتی فیدراڵی مافی هەیە هێزە چەکدارە فیدراڵییەکان بڵاو بکاتەوە و بەڕێوەیان ببات و ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر بۆ پاراستنی سەرجەم سنوورەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەو سنوورانەشەوە کە دەکەونە ناو ئەو خاکانەی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەبرێن.
دووەم: دەسەڵاتە فیدراڵییەکان مافی ئەوەیان هەیە دەسەڵاتەکانی خۆیان لە سەرپەرشتیکردن، چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی ئەدای فەرمانگە کارپێکراوەکان لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی کۆماری عێراقدا پیادە بکەن، بەو دەروازانەشەوە کە دەکەونە ناو هەرێمی کوردستان، بەپێی حوکمەکانی یاسای دەستەی دەروازە سنوورییەکان ژمارە (٣٠)ی ساڵی ٢٠١٦ و یاسا پەیوەندیدارەکان، بە لەبەرچاوگرتنی حوکمەکانی ماددەی (١١٤/ یەکەم)ی دەستوور سەبارەت بە بەڕێوەبردنی گومرگەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمەکان و پارێزگا ڕێکنەخراوەکان لە چوارچێوەی هەرێمێکدا.
"دەروازە سنوورییەکان و گومرگەکان دەچێتە ناو چوارچێوەی دەسەڵاتی دەسەڵاتە فیدراڵییەکان"
سێیەم: دامەزراندنی سیستەمێکی نیشتمانیی یەکگرتوو بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی دەروازە سنوورییەکان و گومرگەکان و بەستنەوەیان بە شێوەی ئەلیکترۆنی بە وەزارەت و دەستە فیدراڵییە تایبەتمەندەکان لە سەرتاسەری عێراقدا، بەو دەروازانەشەوە کە لە هەرێمی کوردستاندان، و دانانی پێوەر و ڕێنماییە تەکنیکی، دارایی و گومرگییە پێویستەکان بۆ کارپێکردنیان، دەچێتە ناو چوارچێوەی دەسەڵاتی دەسەڵاتە فیدراڵییەکان لە داڕشتنی سیاسەتی دارایی و گومرگی و ڕێکخستنی سیاسەتی بازرگانی لە ڕێگەی سنووری هەرێم و پارێزگاکانەوە، بەپێی ماددەی (١١٠/ سێیەم)ی دەستوور، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەماهەنگییەی لە ماددەی (١١٤/ یەکەم)ی دەستووردا هاتووە.
چوارەم: بەڕێوەبردنی نەوت و گازی دەرهێنراو بەپێی حوکمەکانی ماددەی (١١٢/ یەکەم)ی دەستوور ئەنجام دەدرێت، و حکوومەتی فیدراڵی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکاندا بەڕێوەی دەبەن، و خاوەندارێتیی نەوت و گاز دەگەڕێتەوە بۆ هەموو ڕۆڵەکانی گەلی عێراق بەپێی ماددەی (١١١)ی دەستوور، و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و لایەنە چاودێرییە فیدراڵییە تایبەتمەندەکان مافی پیادەکردنی دەسەڵاتە دەستووری و یاساییەکانی خۆیان هەیە لە سەرپەرشتیکردن، چاودێریکردن و وردبینیکردنی کێڵگە، کار و گرێبەستە پەیوەندیدارەکان بە بەرهەمهێنان، دەرهێنان، بەبازاڕکردن و هەناردەکردنی نەوت و گاز، بەپێی حوکمە دەستوورییەکان و یاسا بەرکارەکان و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (٥٩/ فیدراڵی/ ٢٠١٢) و یەکخراوەکەی (١١٠/ فیدراڵی/ ٢٠١٩) دەرچوو لە ڕێککەوتی ١٥/ ٢/ ٢٠٢٢، و گرێبەستە پەیوەندیدارەکان بەو بوارەوە لەلایەن لایەنە تایبەتمەندەکان و بەپێی یاسا ئەنجام دەدرێن.
پێنجەم: دەسەڵاتە فیدراڵییەکان، بە پشتبەستن بە ماددەی (١١٠/ سێیەم)ی دەستوور، مافی داڕشتنی سیاسەتی دارایی و گومرگی و دیاریکردنی ڕێنمایی و پێناسی گومرگیی یەکگرتوویان هەیە، هەروەها سەرپەرشتیکردنی داهاتە گشتییە بەدەستهاتووەکان لە ڕسومات، باج و داهاتە نانەوتییەکان لە سەرتاسەری عێراقدا، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، و وردبینیکردن، پاکتاوکردن و گەڕاندنەوەیان بۆ خەزێنەی گشتی بەپێی یاسا بەرکارەکان، بە جۆرێک کە پێچەوانە نەبێت لەگەڵ حوکمەکانی ماددەی (١١٤/ یەکەم)ی دەستوور سەبارەت بە بەڕێوەبردنی گومرگەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمەکان و پارێزگا ڕێکنەخراوەکان لە چوارچێوەی هەرێمێکدا، و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (٢٢٤/ فیدراڵی/ ٢٠٢٣) و یەکخراوەکەی (٢٦٩/ فیدراڵی/ ٢٠٢٣) دەرچوو لە ڕێککەوتی ٢١/ ٢/ ٢٠٢٤.
دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان سنووردار دەکرێت
شەشەم: سنووری جوگرافی (نطاق المكاني) بۆ پیادەکردنی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی حوکمەکانی ماددەی (٥٣/ أ) لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە دیاری دەکرێت، کە ماددەی (١٤٣)ی دەستووری کۆماری عێراق بۆ ساڵی ٢٠٠٥ کارکردنی پێی هێشتووەتەوە، و ئەو خاکانە دەگرێتەوە کە لە ڕێککەوتی ١٩/ ٣/ ٢٠٠٣دا لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە بەڕێوە دەبران و دەکەونە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، دیالە و نەینەوا، و دروست نییە دەسەڵاتی هەرێم درێژ ببێتەوە بۆ ئەو خاکانەی دەکەونە دەرەوەی ئەو سنوورەوە، بە لەبەرچاوگرتنی حوکمە دەستوورییە تایبەتەکان بە ناوچە جێناکۆکەکان کە لە ماددەی (٥٨)ی یاسای ناوبراو و ماددەی (١٤٠)ی دەستووردا هاتوون.
حەوتەم: بەڕێوەبردنی ئەو خاکانەی دەکەونە دەرەوەی سنووری جوگرافیی دیاریکراو بۆ دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و پیادەکردنی دەسەڵاتە دەستووری، کارگێڕی و جێبەجێکارییەکان لەسەریان دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتە فیدراڵییەکان، هەر یەکە و بەپێی تایبەتمەندیی دەستووری و یاسایی خۆی، و پیادەکردنی کارگێڕیی فعلی لەلایەن دەسەڵاتەکانی هەرێمەوە لە دەرەوەی ئەو سنوورە، هیچ دەسەڵاتێکی دەستووریی بۆ دروست ناکات.
بڕیارەکە بە زۆرینەی دەنگ و بە ناڕەزایی (مخالفة)ی دوو ئەندام دەرچوو، وەک حوکمێکی بنبڕ و پابەندکەر بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان، بە پشتبەستن بە حوکمەکانی ماددەکانی (٩٣/ دووەم و ٩٤) لە دەستووری کۆماری عێراق بۆ ساڵی ٢٠٠٥ و (٤/ دووەم و ٥) لە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (٣٠)ی ساڵی ٢٠٠٥ی هەموارکراو بە یاسای ژمارە (٢٥)ی ساڵی ٢٠٢١ و لە ٢٥/ ١١/ ٢٠٢٦دا بە ئاشکرا خوێندرایەوە."(İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
دەستپێکردنی ڕاگەیاندنی ناوی ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە لە ساڵانی ڕابردوودا کوژراون دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ، مشتومڕی نوێی سەبارەت بە ڕابردووی چەکداریی نیو سەدەی ئەو ڕێکخراوە بەدوای خۆیدا هێنا.
پەکەکە کە لە ساڵی ١٩٧٨دا لەسەر هێڵێکی مارکسی-لینینی دامەزرا، لە سەرەتادا ئامانجی کوردستانی سەربەخۆ و کۆمەڵگەی بێچینی خستە ڕوو. بەڵام هەڵوەشانەوەی سۆڤیەت و دەستگیرکردنی ع. ئۆجەلان لە ساڵی ١٩٩٩دا، ئەو زمانەی کە گۆڕدرا، بە تێپەڕبوونی کات بووە هۆی گۆڕانکاریی گرنگ لە ئاڕاستەی ئایدیۆلۆژیی ڕێکخراوەکەدا. بە تێپەڕبوونی کات، جێگەی گوتاری خەباتی چینایەتی و ڕزگاریی نیشتمانی؛ کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک، "ئازادیی ژن"، ئیکۆلۆژی و ئەو مشتومڕانەی کە بەرگری لە هاوڕەگەزبازی دەکەن گرتیانەوە. ئەم گۆڕانکارییە، مەودای نێوان ئامانجەکانی دامەزراندنی پەکەکە و گوتاری ئەمڕۆیشی خستە بەر مشتومڕ.
بەپێی ڕووپێویی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای زانیاری لەلایەن منداڵانەوە کە لەلایەن دەستەی ئاماری تورکیا ئەنجام دراوە، لەسەدا 92.7ی منداڵانی گرووپی تەمەنی 6 بۆ 17 ساڵان ئینتەرنێت و لەسەدا 69.8یشیان سۆشیاڵ میدیا بەکار دەهێنن.