ئاگادارکردنەوەی ئەلیکترۆنی لە مارکێتەکاندا: هەزاران یەکەی ساردکەرەوە پەیوەندییان لە ئینتەرنێت پچڕا
دەیان هەزار ساردکەرەوە و بەستەرەکەر کە لە زنجیرە سوپەرمارکێتە گەورەکان، کۆگاکان، چێشتخانەکان، وێستگەکانی سووتەمەنی و یاریگاکانی بەریتانیا بەکار دەهێنرێن، لە دژی هێرشە سایبەرییە ئەگەرییەکان خرانە ژێر ڕێوشوێنی ئەمنییەوە.
بەپێی هەواڵێکی بی بی سی، لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمدا توێژەرانی ئاسایشی سایبەری کەلێنێکی ئەمنیی جیددییان لە ئامێرەکانی کۆنتڕۆڵی سیستەمە ساردکەرەوەکاندا ئاشکرا کرد کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە بەریتانیا بەکار دەهێنرێن. ئاماژە بەوە کرا کە ئەگەر کەلێنەکە لەلایەن کەسانی خراپەکارەوە بقۆزرێتەوە، ئەوا لەوانەیە بەرهەمە خۆراکییەکانی بە بەهای ملیۆنان پاوەند خراپ ببن و زنجیرەی دابینکردن زیانی جیددیی بەر بکەوێت.
دوای دەستنیشانکردنی کەلێنە ئەمنییەکە، توێژەران، ناوەندی نیشتمانیی ئاسایشی سایبەریی بەریتانیا (NCSC)، وەزارەتی ژینگە، خۆراک و کاروباری گوندنشین و ئاژانسی ستانداردەکانی خۆراک هاتنە سەر هێڵ. لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیا لە سەرانسەری وڵاتدا ئاگادار کرانەوە، هەزاران ئامێری کۆنتڕۆڵ لە پەیوەندیی ئینتەرنێت دەرکران. لە هەندێک کارگە و شوێنیشدا پەیوەندیی ئامێرەکان بە شێوەی فیزیکی پچڕێنران و پلەکانی گەرما بە شێوەی دەستی چاودێری کران.
ڕاگەیەندرا کە ڕێوشوێنەکانی بەریتانیا دوای ئەو هێرشە هاوشێوانە خێراتر بوون کە لە ماوەی ئەمساڵدا لە ئەورووپا ڕوویان دا. لە مانگی ئابدا لە هەندێک بنکەی سەربازی لە ئەمریکا، لە مانگی تشرینی یەکەمدا لە سەدان سوپەرمارکێت و دامەزراوەی پرۆسێسکردنی خۆراک لە فەڕەنسا، و لە مانگی تشرینی دووەمیشدا لە7 وڵاتی ئەورووپا، سیستەمە ساردکەرەوەکان کەوتبوونە بەر هێرشە سایبەرییەکان.
کۆمپانیای بەرهەمهێنەری سیستەمە ساردکەرەوەکانی بەریتانیا ، ڕایگەیاند کە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە ئەمنییە دەستنیشانکراوەکان، یەکەمین نوێکردنەوە نەرمەکاڵاییەکانی بڵاو کردووەتەوە و کڕیارەکانی ئاگادار کردووەتەوە. کۆمپانیاکە ڕایگەیاند کە هیچ چالاکییەکی خراپەکارانە لە ئامێرەکانی کۆنتڕۆڵدا تۆمار نەکراوە.(İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
سەرۆکی جەزائیر، عەبدولمەجید تەبوون، هێنانی ماددەی هۆشبەری بۆ ناو وڵاتەکەی بە جەنگێکی ڕاستەقینە وەسف کرد و ڕایگەیاند کە لەوانەیە ناچار بن بچنە سەر ئەو سەرچاوەیەی ماددەی هۆشبەری لێ بەرهەم دەهێنرێت.
کۆمارییەکانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، بە لەمپەردانان لەبەردەم دەستپێشخەریی دیموکراتەکاندا کە داوای کۆتاییهێنان بە جەنگی نایاسایی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دەکرد، بەردەوامییان دا بە پشتیوانیی خۆیان بۆ دەستوەردانی سەربازی.
بە مەبەستی پەرەپێدانی هاوکارییەکانی کانزاکاری لەنێوان تورکیا و پاکستاندا، 3 ڕێککەوتنی گرنگ واژۆ کران.