ترەمپ بەڕێوەبەری ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە کارەکەی دوورخستەوە
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، دوای ئەو پچڕانە تەکنەلۆژییانەی کە گواستنەوەی ئاسمانی و سیستەمە بانکییەکان و تۆڕەکانی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی گرتەوە،بەڕێوەبەری سایبەری نیشتمانیی کۆشکی سپی، لە پۆستەکەی دوور خستەوە. کیرستن دەیڤز، بەڕێوەبەری تەکنەلۆژیای زانیاری لە وەزارەتی بەرگری، بە شێوەی کاتی پۆستەکە وەردەگرێت.
ئەو کێشە تەکنیکییانەی کە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە سیستەمە هەستیارەکانی ئەمریکادا ڕوویان دا، ڕەخنەکانی بەرامبەر بە سیاسەتەکانی ئاسایشی سایبەریی ئیدارەی ترەمپ زیاتر کرد.
جگە لە قەیرانی فڕۆکەوانی کە بووە هۆی وەستانی هاتوچۆی ئاسمانی لە سەرانسەری وڵاتدا و هەڵوەشانەوە و دواخستنی هەزاران گەشت، پچڕان لە خزمەتگوزارییەکانی ئیمەیڵی مایکرۆسۆفت و تۆڕی ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکاشدا ڕووی دا.
شۆن کەیرنکرۆس، بەڕێوەبەری سایبەری نیشتمانیی کۆشکی سپی، دوای ئەم پچڕانە یەک لە دوای یەکانە لە پۆستەکەی دوور خرایەوە. سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە تەواوی پشتیوانی لە دوورخستنەوەی کەیرنکرۆس کردووە.
دوای گۆڕانکاریی پۆستەکە، ڕاگەیەندرا کە کیرستن دەیڤز، بەڕێوەبەری تەکنەلۆژیای زانیاری لە وەزارەتی بەرگری، بە شێوەی کاتی ئەرکی بەڕێوەبەرایەتیی سایبەری نیشتمانی دەگرێتە ئەستۆ. کەیرنکرۆسیش هیچ لێدوانێکی سەبارەت بە دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی نەدا.
بەرپرسان ئەگەری هێرشی سایبەرییان پشتڕاست نەکردەوە
لە کاتێکدا ئیدارەی ئەمریکا بەهۆی پچڕانی سیستەمە هەستیارەکانەوە ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەوە، بەرپرسانی هەواڵگری ڕایانگەیاند کە هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت ڕووداوەکان دەرەنجامی هێرشێکی سایبەریی ڕێکخراو بن.
جەی کلایتۆن، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە ئەو کێشانەی لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ڕوویان داوە، پچڕانی خزمەتگوزاریی جیاوازن لە یەکتر کە پەیوەندییان بە کارەکانی چاککردنەوە و گۆڕانکارییە تەکنیکییەکانەوە هەیە. بەرپرسان جەختیان لەوە کردەوە کە هیچ بەڵگەیەک نییە کە ڕووداوەکان بە هێرشێکی سایبەریی پاڵپشتیکراو لەلایەن دەوڵەتەوە ببەستێتەوە.
پسپۆڕانی ئاسایشی سایبەریش پێیان وایە کە بەهۆی ئەوەی ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد خێراتر کەلێنە ئەمنییەکانی ناو نەرمەکاڵاکان ئاشکرا دەکەن، خێراترکردنی نوێکردنەوە ئەمنییەکان لەلایەن کۆمپانیاکانەوە لەوانەیە کاریگەریی لەسەر ئەو پچڕانانە هەبووبێت کە ڕوویان داوە.
دانانی کەسێکی هەمیشەیی لە شوێنی کەیرنکرۆس بەندە بە ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا
نووسینگەی بەڕێوەبەرایەتیی سایبەری نیشتمانی بەرپرسە لە هەماهەنگیکردنی سیاسەت و ستراتیژەکانی ئاسایشی سایبەری لە سەرانسەری حکوومەتی فیدراڵیدا.
کەیرنکرۆس پێش ئەوەی بۆ ئەم پۆستە دابنرێت، وەک بەڕێوەبەر لە لیژنەی نیشتمانیی کۆمارییەکان کاری کردبوو. ئەو کەسەی بە شێوەی هەمیشەیی لە شوێنی کەیرنکرۆس دادەنرێت کە بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک لە ئیدارەی ترەمپدا کاری کرد، پێویستە لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکاوە پەسەند بکرێت.
بەهۆی ئەوەی دوای هەڵبژاردنە نیوەییەکانی ئەمریکا کۆمارییەکان زۆرینەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکایان لەدەست دا، چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەی دانانی کەسی نوێ لە مانگی کانوونی دووەمەوە لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە بەڕێوە ببرێت کە لەژێر کۆنتڕۆڵی دیموکراتەکاندایە. (İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
دەیان هەزار ساردکەرەوە و بەستەرەکەر کە لە زنجیرە سوپەرمارکێتە گەورەکان، کۆگاکان، چێشتخانەکان، وێستگەکانی سووتەمەنی و یاریگاکانی بەریتانیا بەکار دەهێنرێن، لە دژی هێرشە سایبەرییە ئەگەرییەکان خرانە ژێر ڕێوشوێنی ئەمنییەوە.
سەرۆکی جەزائیر، عەبدولمەجید تەبوون، هێنانی ماددەی هۆشبەری بۆ ناو وڵاتەکەی بە جەنگێکی ڕاستەقینە وەسف کرد و ڕایگەیاند کە لەوانەیە ناچار بن بچنە سەر ئەو سەرچاوەیەی ماددەی هۆشبەری لێ بەرهەم دەهێنرێت.
کۆمارییەکانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، بە لەمپەردانان لەبەردەم دەستپێشخەریی دیموکراتەکاندا کە داوای کۆتاییهێنان بە جەنگی نایاسایی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دەکرد، بەردەوامییان دا بە پشتیوانیی خۆیان بۆ دەستوەردانی سەربازی.
بە مەبەستی پەرەپێدانی هاوکارییەکانی کانزاکاری لەنێوان تورکیا و پاکستاندا، 3 ڕێککەوتنی گرنگ واژۆ کران.