شارەوانییەکانی غەززە: داڕمانی خزمەتگوزارییەکان غەززە بەرەو کارەساتی مرۆیی دەبات
یەکێتیی شارەوانییەکانی کەرتی غەززە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک سەبارەت بە ڕوودانی نزیکی کارەساتێکی مرۆیی، تەندروستی و ژینگەیی بەهۆی داڕمانی خێرای خزمەتگوزارییە بنەڕەتییە شارستانییەکان هۆشداریی دا و داوای هەنگاوی خێرای بۆ ڕزگارکردنی گیانی دانیشتووانی ئەم کەرتە کرد.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی ناوەندی ڕاگەیاندنی فەلە-ستین، لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە بە تێپەڕبوونی ١٠٠٠ ڕۆژ بەسەر شەڕی کۆمەڵکوژی دژی غەززە و ٢٥٥ ڕۆژ لە چەسپاندنی ئاگربەست لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥دا، سیستەمی خزمەتگوزارییە شارستانییەکان، بەتایبەتی ئاو، ئاوەڕۆ و بەڕێوەبردنی پاشماوەکان، بەهۆی وێرانبوونی بەرفراوانی ژێرخانەکان و ڕێگریکردن لە هێنانی کەرەستە، پارچەی یەدەگ و پێداویستییەکانی چاککردنەوە و پاراستن، کەوتووەتە لێواری داڕمانی تەواوەوە.
یەکێتیی شارەوانییەکانی غەززە ڕایگەیاند نزیکەی ٨٠ لەسەدای پێکهاتەی شارستانی کەرتی غەززە وێران بووە و زیاتر لە ٧٠ ملیۆن تۆن پاشماوەی وێرانکاری لە گەڕەکەکان، شەقامەکان و شوێنە گشتییەکاندا کەڵەکە بووە.
بەپێی ئەم بەیاننامەیە، زیاتر لە چوار ملیۆن مەتر لە تۆڕی ڕێگاکان، نزیکەی ١ ملیۆن مەتر لە تۆڕی ئاو و ١ ملیۆن مەتر لە تۆڕی ئاوەڕۆ وێران بووە. هەروەها نزیکەی ٧٢٥ بیری ئاو، نزیکەی ٥٠٠ ئامێر، شۆفڵ، پەمپی گەڕۆک و ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزارییە شارستانییەکان لەناو چوون و نزیکەی ٣٠٠ کەس لە کارمەندانی شارەوانییەکان شەهید بوون.
یەکێتیی شارەوانییەکان جەختی کردەوە کەمیی زۆری ڕۆنە پیشەسازییەکان، کە زیاتر لە ٣ مانگە ڕێگری لە هێنانی بۆ ناو غەززە دەکرێت، ئێستا بووەتە گەورەترین هەڕەشە بۆ بەردەوامبوونی چالاکیی دامەزراوە ژیانییەکان. هەروەها هێنانی پارچەی یەدەگ، کەرەستە و ماددە پێویستەکان بۆ چاککردنەوە و پاراستن هێشتا بە وەستاوی ماوەتەوە.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە ڕۆنە پیشەسازییەکان بۆ بەردەوامبوونی چالاکیی مۆلیدەکانی کارەبا، بیرەکانی ئاو، پەمپەکانی ئاوەڕۆ و ئامێرە شارستانییەکان پێویستن و کۆتاییهاتنی یەدەگەکانیان، تەنانەت لە کاتی هەبوونی سووتەمەنیشدا، دەبێتە هۆی وەستانی تەواوەتیی ئەم کەرەستانە و ئیفلیجبوونی توانای کارپێکردنی ماوەی شارەوانییەکان.
یەکێتیی شارەوانییەکانی غەززە ڕایگەیاند شارەوانییەکان هێشتا ڕۆژانە زیاتر لە ١٤٠ هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ بەکارهێنانی ناوماڵ و خواردنەوە دابین دەکەن و بۆ ڕێگریکردن لە سەرڕێژبوونی ئاوەڕۆ لە ناوچەکانی نیشتەجێبووندا، ناچارن ڕۆژانە نزیکەی ٦٠ هەزار مەتر سێجا ئاوەڕۆ بۆ ناو دەریا بڕێژن.
لەم بەیاننامەیەدا هۆشداری دراوە کە وەستانی ئەم سیستەمە، قەیرانی توندی ئاو، سەرڕێژبوونی ئاوەڕۆ لە گەڕەکەکانی نیشتەجێبوون و پەرەسەندنی هەڕەشە جدییە تەندروستی و ژینگەییەکانی بەدوادا دەبێت.
یەکێتیی شارەوانییەکان هەروەها ڕایگەیاند سەرەڕای بارودۆخی سەخت و ئیمکاناتی سنووردار، ڕۆژانە زیاتر لە ٣ هەزار مەتر سێجا زبڵ کۆ دەکرێتەوە و دەگوازرێتەوە، بەڵام بەردەوامبوونی کەمیی ڕۆنی پیشەسازی، سووتەمەنی و پارچەی یەدەگ، چالاکیی ئۆتۆمبێلەکانی کۆکردنەوەی زبڵی ڕاگرتووە و دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی زبڵ لە گەڕەکەکان و ناوەندەکانی نیشتەجێبوون، و لە دەرەنجامدا بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان، پیسبوون، مێرووەکان و گیانلەبەرە قرتێنەرەکان.
ئەم یەکێتییە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دامەزراوە فریاگوزارییەکان و وڵاتانی یارمەتیدەر داوای کرد بۆ هێنانی خێرای ڕۆنە پیشەسازییەکان، سووتەمەنی، کەرەستە، پارچەی یەدەگ و ئامێرە پێویستەکان، کردنەوەی هەمیشەیی دەروازەکان، ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانە زیانپێکەوتووەکان و لێپرسینەوە لە رژێمی سەهیۆنی بەرامبەر بە وێرانکردنی ژێرخانەکان و ڕێگریکردن لە هێنانی کەرەستەکان، هەنگاوی خێرا بنێن.
لە کۆتاییدا، یەکێتیی شارەوانییەکانی غەززە داوای دەستپێکردنی خێرای چالاکیی لیژنەی کارگێڕی و ئەندازیار عەلی شەعسی کرد بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی بەڕێوەبردن و هەماهەنگی لەنێوان دامەزراوە بەرپرسەکاندا و هۆشداریی دا کە کات خەریکە کۆتایی دێت و هەر جۆرە دواکەوتنێکی زیاتر، غەززە ڕووبەڕووی کارەساتێکی بەرفراوان دەکاتەوە.(İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە دیمەشقی پایتەختی سوریا ٤ کەس گیانیان لەدەستدا.
دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان دەستیان کردووە بە دروستکردنی ٣ بنکەی تەندروستی نوێ لە پارێزگای هەلمەند لە باشووری ئەو وڵاتە.
داگیرکەرانی سەهیۆنی لە کەناری ڕۆژئاوا درێژەیان بە سیاسەتی ڕووخاندن دا. لە بەیت لەحم خانوویەکی دوو نهۆمییان ڕووخاند و ئیدیعایان کرد کە بەبێ مۆڵەت دروستکراوە و ٣ خانووی کشتوکاڵییان لە نابلوس و سەلفیت کردە ئامانج. ئەو ناوچەیە لە کاتی ڕووخاندنەکاندا گەمارۆ درا و بەشێک لە فەلەستینیەکان دەستبەسەر کران.