چالاکیی بەرخۆدان لە نزیک ڕامەڵڵا: تەقە کرایە سەر داگیرکەران
چەکدارێکی خۆڕاگری فەلەستینی، بنکەیەکی سەربازیی رژێمی سەهیۆنی لە نزیک ڕامەڵڵا کردە ئامانج. دوابەدوای هێرشەکە، داگیرکەران ناوچەکەیان گەمارۆدا و چەندین ڕێگای گوندەکانیان داخست.
بەگوێرەی میدیاکانی رژێمی داگیرکەر، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چەکدارێکی خۆڕاگری فەلەستینی تەقەی لە بنکەیەکی سەربازی سەهیۆنی لە نزیک دیواری دابڕان لە ڕۆژئاوای ڕامەڵڵا کردووە. سوپای داگیرکەر ئیدیعای کرد کە هێرشەکە لە نزیک "بەربەستی هاشمونەیم" لە ناوچەی نالین رووی داوە.
سوپای رژێمی داگیرکەری سەهیۆنی لە بەیاننامەیەکدا ئیدعای کرد کە هیچ بریندارێک لەو رووداوەدا تۆمار نەکراوە، هاوکات ڕایگەیاند کە ژمارەیەکی زۆر لە یەکەی سەربازی لە دوای هێرشەکە بۆ ئەو ناوچەیە جێگیر کراون و ئۆپەراسیۆنی گەڕان دەستی پێکردووە.
سەرچاوە خۆجێیەکان باسیان لەوە کرد کە هێزە داگیرکەرەکان دەروازەکانیان لە ناوچەکانی نالین، حەی ئەلمەلال، هەربەتە بەنی حاریس و عەتارە داخستووە و دەستیان بە سەر دەیان ئۆتۆمبێلدا گرتووە و ڕێگری لە هاتوچۆی هاوڵاتیانی مەدەنی کردووە. هەروەها ڕاگەیەندرا کە لە بەیانی زووەوە بازگەی سەربازی عەتارە داخراوە و هاتوچۆی نێوان شارۆچکەکانی باکووری ڕۆژئاوا و ڕۆژئاوای ڕامەڵڵا و پارێزگاکانی باکوور بە توندی پەکی کەوتووە.
لە لایەکی دیکەوە بە پێی دوایین ڕاپۆرت کە کۆمیتەی بەرخۆدانی دیوار و نیشتەجێبوونی فەلەستین بڵاوی کردۆتەوە، ژمارەی ئەو خاڵە سەربازی و دەروازە سەربازییە هەمیشەیی و کاتیانەی کە داگیرکەران لە سەرانسەری کەرتی ڕۆژئاوا دایانناوە گەیشتووەتە ٩١٦ خاڵ، جەخت لەوە کرایەوە کە ٢٤٣ لەو بەربەستانە لە دوای ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دانراون.
دوایین پێشهات وەک بەشێک لە سیاسەتەکانی گەمارۆدان و سەرکوتکردن سەیر دەکرێت کە داگیرکەران بۆ ئیفلیجکردنی ژیانی ڕۆژانەی فەلەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا جێبەجێیان کردووە، لە هەمان کاتدا کردەوەکانی بەرخۆدان جارێکی دیکە تیشک دەخاتە سەر بەردەوامی پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.(İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
لە ویلایەتی کانۆ لە نەیجیریا بەهۆی وەرگەڕانی بارهەڵگرێکەوە ٣٠ کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون.
لە شاری ترابلوسشامی وڵاتی لوبنان لە ئەنجامی ڕوخانی باڵەخانەیەک لانیکەم ١٤ کەس گیانیان لەدەستدا.
بارهەڵگرەکانی هاوکاری دەزگای یەتیم ئەلی ئەوروپا کە بۆ غەززە ئامادە کراون لە قاهیرەی پایتەختی میسڕەوە بەرەو غەززە بەڕێوەکەوتن.
٨ وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، بڕیارەکانی ئەم دواییەی رژێمی سەهیۆنی بۆ سەپاندنی سەروەریی نایاسایی و چەسپاندنی شارۆچکەسازی لە خاکە داگیرکراوەکانی فەلەستین، بە توندی ئیدانە کرد.