وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان: جارێکی دیکەش داشکان بۆ نرخی دەرمان دەکەین
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە جارێکی دیکە وەزارەتی تەندروستی لە هەوڵدایە بۆ پێداچوونەوە بە نرخی دەرمان و جارێکی دیکە داشکانی بۆ دەکات.
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە "له ماوەی ڕابردوو پێداچوونەوە بە نرخی دەرمان کراوە لە هەرێمی کوردستان و بەو هۆیەوە لە ماوەی ساڵەکانی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ و شەش مانگی ساڵی ٢٠٢٦دا زیاتر لە ٣٠٠ ملیار دینار داشکاندن لە نرخی دەرمانەکاندا کراوە و ئێستاش جارێکی دیکە وەزارەتی تەندروستی لە هەوڵدایە بۆ پێداچوونەوە بە نرخی دەرمان و جارێکی دیکە داشکانی بۆ دەکات."
دکتۆر سامان بەرزنجی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە "ئێستا لە ڕێگەی سیستمێکی ئەلیکترۆنییەوە هاووڵاتیان کاتێک دەچنە دەرمانخانەکان بۆ کڕینی دەرمان، دەتوانن بزانن نرخە فەرمییەکەی دەرمان کە وەزارەتی تەندروستی دیاری کردووە چەندە، کوالێتییەکەی چۆنە، شوێنی دروستکردن و بەرهەمهێنان و شێوازی گواستنەوە و هەڵگرتنەکەیشی چۆنە، و ئەگەر سکاڵایەکیشیان هەبوو، هەر لەم ڕێگە و سیستمە ئەلیکترۆنییەوە دەتوانن سکاڵاکانیان تۆمار بکەن."
وەزیری تەندروستی وتیشی، "ئێستا و لە سەروبەندی ئامادەکردنی پرۆژەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ و دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست، هەرێمی کوردستانیش داوای پشکی خۆی کردووە، بەتایبەتی بۆ کەرتی تەندروستی وەکوو پزیشکان و دەرچووانی کۆلێژە پزیشکەکان و هەروەها هەموو ئەو پزیشکانەی کە پێویستمانە لە وەزارەتی تەندروستی، بۆیە ئێمە خۆمان بە نوێنەری ئەو دەرچووانە دەزانین و داوامان کردووە کە پشکی هەرێمی کوردستان لە پشکی دامەزراندنی حکوومەتی عێراقی دیاری بکرێ، کە حکوومەتی عێراقی داوای نزیکەی ١٥٠ هەزار پلەی دامەزراندنی کردووە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا، دکتۆر سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوە کرد کە "ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەنی ژمارەیەکی زۆری سەنتەر و نەخۆشخانەکانی چارەسەری شێرپەنجەیە، پێشووتر لە پارێزگای دهۆک نەخۆشخانەی شێرپەنجە کراوەتەوە و هەروەها لە هەریەک لە ئیدارەکانی سۆران و ڕاپەڕین و هەڵەبجەش بە هەمان شێوە سەنتەرەکانی شێرپەنجە کراونەتەوە، ئێستاش لە شاری هەولێر و لە شاری سلێمانی دوو نەخۆشخانەی گەورەی چارەسەری شێرپەنجە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست دەکرێن کە لە شێوەی پێکهاتە و ئامێر و چارەسەرکردندا بۆ یەکەمین جارە لەم جۆرە نەخۆشخانانە بنیات دەندرێن."(İLKHA)
ئاگاداری: مافی له به رگرتنه وه ی بابه ته كانی ئیلكھه، پارێزراون ھه واڵی نوسراو، وێنه، ڤیدیۆ، به ھه مو جۆرێكیان، بۆ به ده ست ھێنان پێویسته نوسراو له نێوانمان ھه بێت یان به ڕه زامه ندی ئێمه بێت، پێچه وانه كه ی به ر پرسیاره تی یاسای تیایه
بەرنامەی کۆتایی ژیان بە نوێژ جوانە کە لە لایەن وەقفی ئەڤینداێن پێغەمبەرەوە ڕێکدەخرێت ٢٧ی ئەیلوول لە دیاربەکر بەڕێوەدەچێت.
لە ئەنجامی شەڕێکی چەکداری لە ناوچەی شاری نوێی شاری دیاربەکر ٣ کەس گیانیان لەدەستدا
زەکەریا یاپجیئۆغلو سەرۆکی گشتی هودا پار لە میانەی بەشداری لە ٥مین کۆنگرەی ئاسایی مەڵبەندی پارێزگای باتمانی حیزبەکەی ڕایگەیاند کە دوای پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر گرنگترین کار کە دەبێت بکرێت ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێیە.